ئەردۆغان و ترەمپ لەبارەی ئیدلبەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن
رۆژی شەممە 15-02-2020 سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت ئەردۆغان و ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، هەردوولا جەختیان لەوەکردووەتەوە کە هێرشەکانی ئەم دوایەی "رژێم"ی سووریا جێگەی قبووڵکردن نین.
دەشڵێت، هەردوولا تاوتوێی بابەتی کۆتاییهێنانی دەستەبەجێ بە قەیرانی ئیدلبیان کردووە.
ترەمپ و ئەردۆغان گرنگی ئاشتی و سەقامگیریان بۆ لیبیا دووپاتکردەوە، هاوڕاشبوون دووبارە دەستبکەنەوە بە دانوستاندن بۆ زیادکردنی ئاستی بازرگانی نێوان تورکیا و ئەمریکا.
هەر ئەمڕۆ شەممە لەکاتی گەڕانەوەی لە پاکستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانانی لەبارەی تەوەرە جۆراوجۆرەکانی رۆژەڤی تورکیا و ناوچەکەوە دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بەداخەوە لەو دۆخەدا نیین کە بتوانین ئەو ملیۆنە ئاوارەیەی ئیدلب وەربگرین.
ئەردۆغان لەبارەی گرژییەکانی ئیدلب و پەیوەندیی ئەنقەرە لەگەڵ مۆسکۆ رایگەیاند، "پێویستە بە راشکاوی قسە لەسەر ئەمە بکەین. ئێمە رێککەوتننامەیەکی گەورە و گرانی ئەدەنەمان لەبەردەستدایە. ئێمە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتننامەیە چووینە سووریا. ئەمە وەڵامە بۆ ئەو کەسانەی دەڵێن، چ کارێکتان لە سووریا هەیە؟"
ئاوارەبوونی خەڵک لە ئیدلب بەهۆی شەڕەوە بەردەوامە، بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 500 هەزار کەس ئاوارەبوون. لە سەرەتای مانگی دیسێمبەری 2019ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر 300 هەزار منداڵ لە پارێزگای ئیدلب ئاوارەبوون، چالاکڤانە مەدەنییەکانی پارێزگاکەش دەڵێن، رۆژانە شەش هەزار و 500 منداڵ لە ئیدلب ئاوارەدەبن.
رۆژی 10-02-2020 تورکیا و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سەر بەو وڵاتە هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر ئەو ناوچانەی ئیدلب دەستپێکرد کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریای لێ نیشتەجێن.
