ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەسەڵاتی ترەمپی بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دژی ئێران سنووردارکرد
لە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی پیراندا 55 کەس دەنگیان بە پرۆژەکە دا و 45 کەسی دیکەش دژیان دەنگیاندا. 8 کۆماری پاڵپشتیان لە پرۆژەکە کرد.
دەنگدانەکەی ئەنجوومەنی پیران دوای ئەوە هات، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ داوای لە ئەندامانی پارتی کۆماری کرد دەنگی پێنەدەن و گوتی، "بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان زۆر گرنگە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگ بە بڕیاری "دەسەڵاتی جەنگی ئێران" نەدات".
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، پێگەی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران زۆر بەهێزە و رایگەیاند، "کاتی ئەوە نییە لاوازی پیشانبدەین. زۆربەی ئەمریکییەکان پاڵپشتییان لە هێرشەکەمان بۆ سەر سولەیمانیی تیرۆریست کرد. ئەگەر دەستم ببەسترێت، ئەوا ئێران دەرفەتی هەنگاونان و سەرکەوتنی هەیە".
بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران، سەرۆکی ئەمریکا ناتوانێت بێ رەزامەندی کۆنگرێس جەنگ دژی ئێران هەڵگیرسێنێت.
بەڵام دەکرێت ئەم بڕیارە لەلایەن کۆشکی سپییەوە ڤیتۆ بکرێت و پێشتریش کۆشکی سپی هەڕەشەی ڤیتۆکردنی بڕیارەکەی کردبوو، ئەگەر لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە دەنگی پێبدرێت.
