رووسیا و ئەمریکا شەڕی دۆستایەتیی تورکیا دەکەن
هەڵوێستەکانی ئەمریکا و رووسیا لەکاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ئیدلب رووی لە هەڵکشان کردووە، بەشێوەیەک کە کار گەیشتە ئەوەی ژمارەیەک سەربازی تورکیا لەلایەن سوپای سووریاوە بکوژرێن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئیدلبیش ئاوارەبوون و بەرەو سنووری تورکیا رۆشتوون.
لە هەژماری فەرمیی توویتەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تورکیا چەند پۆستێک بە زمانی تورکی کراون، یەکێک لە توویتەکان دەڵێ "تورکیا بە تەنیا ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ سێ ملیۆن ئاوارەی لەناکاوی سنوورەکانی بکات، هەموو مافێکی هەیە بۆئەوەی دڵنیابێتەوە کە ئەوە روونادات، ئێمەش لێرەین تاوەکو بزانین چۆن دەتوانین یارمەتییان بدەین".
لە توویتێکی دیکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تورکیا ئاماژە بەوە کراوە، تورکیا مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی بکات و "رووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە و چارەسەرێک بۆ پێکدادانی مەترسیداری سووریا لەگەڵ رژێمی تاوانکاری سەرۆک ئەسەد بدۆزێتەوە"؛ هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەمریکا "پاڵپشتی لە بەرژەوەندییە شەرعییەکانی تورکیا دەکات کە هێزی سەربازیی لە سووریا و بەتایبەتی لە ئیدلب هەیە".
