سەرۆکی پێشووی سوودان رادەستی دادگای تاوانەکانی جەنگ لە لاهای دەکرێت
حکومەتی سوودان و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەی دارفۆر رێککەوتوون لەسەر رادەستکردنی ئەو کەسانەی کە دادگای تاوانەکانی جەنگ داوایان دەکات و بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتباریان دەکات، لە سەرووی هەموویانەوە عومەر بەشیر، سەرۆکی لە دەسەڵات دوورخراوەی سوودان.
عومەر بەشیر بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و کوشتنی بەکۆمەڵ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ساڵی 2003 تۆمەتبارکراوە.
بەشیر لە ساڵی 1989 لەڕێگەی ئەنجامدانی کودەتای سەربازی دەسەڵاتی وەرگرت، لە مانگی نیسانی ساڵی 2019دا و لەدوای بەرپابوونی خۆپێشاندانەکان، لە دەسەڵات دوورخرایەوە، لەوکاتەوە لە زینداندایە.
لە هەرێمی دارفۆر بەهۆی شەڕی حکومەت و گرووپە چەکدارەکانی ئەو هەرێمە لە ساڵی 2003 زیاتر لە 300 هەزار کەس کوژران و دوو ملیۆن و 500 هەزار کەسیش ئاوارەبوون.
