ڕووسیا ئاسمانی ئیدلیبی بە ڕووی توركیا داخستووە
رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، توركیا لە ماوەی ٢ هەفتەدا یەک هەزار و 100 بارهەڵگری چەكی بۆ ئیدلیب ناردووە، هەروەها پێنج هەزار سەربازیشی ناردووە، تا پشتگیری لەو هێزانە بكەن كە لەناو ئیدلیبن و دژی سوپای سووریا دەجەنگن، بەڵام سوپای سووریا بە هاوكاریی فڕۆكە جەنگییەكانی ڕووسیا توانیانە پێشڕەوییەكی باش بكەن.
توركیا ئێستا پێنج شاری سووریای لەژێر دەستدایە، بەڵام بۆ داگیركردنی ئەو پێنج شارە، فڕۆكەی جەنگی بەكار هێناوە، بەتایبەت ئەوكاتەی عەفرینی داگیر كرد، ئەوەی هاوكاری توركیا بوو فڕۆكە جەنگییەكان بوو، كە ئەوكات ڕووسیا ئاسمانی عەفرینی بۆ توركیا كردەوە.
بە گوێرەی ئەو زایارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراونەتەوە، ڕووسیا بە هەموو شێوەیەك ئاسمانی ئیدلیبی بەڕووی فرۆكە جەنگییەكانی توركیا داخستووە، بۆیە توركیا بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت بە فڕۆكەی جەنگی رووبەڕووی سوپای سووریا ببێتەوە.
ئایدن دەرە نووسەری دیاری باكووری كوردستان، لە نووسینێكدا لە پێگەی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی داوە كە دنیا بە ئاسانی گۆڕانی بەسەردا دێت، سەردەمانێك ڕووسیا ئاسمانی عەفرینی كردبووەوە تا توركیا بە ئارەزووی خۆی كورد بكوژێت و عەفرینیش داگیر كرا، بەڵام ئێستا ئاسمانی ئیدلیبی بەڕووی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا داخستووە و ڕووسیا بە ئارەزووی خۆی لە هاوپەیمانەكانی توركیا دەكوژێت.
بە گوتەی بەشێك لە شڕۆڤەكارانی سیاسی توركیا، تاكوو ئێستا ١٥ سەربازی توركیا بە دەستی سوپای سووریا لە ئیدلیب كوژراون، ئەگەر توركیا راستەوخۆش بچێتە ناو شەڕی ئیدلیب و شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ سوپای سووریا بكات، ئەگەر زۆرە ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی زیاد بکات.
رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، رەخنەی توند لە رووسیا دەگرێت و دەڵێت رێككەوتنی ئاستانەیان شكاندووە، بۆیە دەڵێت ئیدی توركیا ناچارە هێز بەكار بهێنێت لە ئیدلیب و شەڕی سووریا بكات.
ماڵپەڕی (رۆیتەرز) بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر بێت و ئیدلیب بكەوێت و سووریا توانی كۆنتڕۆڵی بكات، ئەوكات نۆرەی عەفرین دێت و دەبێت توركیا لەوێش كۆتایی پێ بهێنرێت، بۆیە توركیا هەموو هەوڵێك دەدات تا ئیدلیب نەكەوێت.
باسنيوز
