ئەمریکا زیانە مرۆییەکانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران ئاشکرا دەکات

ئەمریکا زیانە مرۆییەکانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران ئاشکرا دەکات
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) زیانە مرۆییەکانی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران، ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 11-2-2020، پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، 109 سەربازی ئەمریکی لە بنکەی سەربازیی ئەمریکیی عەین ئەسەد لەپارێزگای ئەنبار، تووشی برین لە مێشکیان بوون.

ئەو 109 سەربازە ئەمریکییە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران تووشی برینداربوون بوون و ئێستا 76 یان چاک بوونەتەوە و گەڕاونەتەوە خزمەتی سەربازی.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.









باسنيوز


Top