ترەمپ: ناچارین گەورەترین هێزی ئەتۆمی لەجیهاندا دروستبکەین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەمیانەی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی ناخۆی وڵاتەکەی رایگەیاند، هەریەک لە روسیا و چین دەیانەوێت دانوستان بکەن لەگەڵیاندا بۆ وەستاندنی بەفیرۆدانی ملیارەها دۆلار لە بواری چەکی ئەتۆمیدا، "بەڵام ئەگەر هیچ رێککەوتنێکمان لەنێواندا نەبێت ناتوانین ئەو کارە ئەنجامبدەین، بەڵکو بە پێچەوانەوە ناچارین گەورەترین هێزی ئەتۆمی لە جیهان دروست بکەین".
رێککەوتننامەیەک هەیە لەنێوان روسیا و ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام چین لەو رێککەوتننامەیەدا بەشدار نییە
ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتننامەیەک هەیە لەنێوان روسیا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام چین لەو رێککەوتننامەیەدا بەشدار نییە و ماوەی رێککەوتنەکەش لەساڵی 2021 کۆتایی پێدێت، هێشتاش واشنتن بڕیاری لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی کۆتایی رێککەوتننامەکەوە نەداوە.
روسیا رێگە نادات جارێکی دیکە رێککەوتننامەکە هەموار بکرێت
لەمانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردو ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا پێشنیاری درێژکردنەوەی رێککەوتننامەکەی خستەڕو، بەڵام رونیکردەوە، "روسیا رێگە نادات جارێکی دیکە رێککەوتننامەکە هەموار بکرێت".
ئەمریکا هەمیشە باس لە پێویستی بەشداریکردنی چین لەدانوستانەکانی تایبەت بە موشوکی مەودا کورت و ناوەندی و درێژ دەکات
دوێنێ دوشەممە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی رۆسیسكایا غازیتا-ی روسی بڵاویکردەوە، ئەمریکا هەمیشە باس لە پێویستی بەشداریکردنی چین لەدانوستانەکانی تایبەت بە موشوکی مەودا کورت و ناوەندی و درێژ دەکات، بەڵام چین هەمیشە بەشدارینەکردنی وڵاتەکەی لەو دانوستانانە رەتدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی دامەزراوەی هێزە ئەتۆمییەکەی بەتەواوتەتی جیاوازە لەهێزە ئەتۆمییەکانی روسیا و ئەمریکا.
روسیا ئامادەیە بەشداری لەدانوستانی فرەلایەن بکات، بۆ ئەوەی چین رازیبکات کە هەڵوێشتی خۆی بگۆڕێت
لاڤرۆڤ باسی لەوەشکرد، روسیا ئامادەیە بەشداری لەدانوستانی فرەلایەن بکات، بۆ ئەوەی چین رازیبکات کە هەڵوێشتی خۆی بگۆڕێت.
لاڤرۆڤ باسی لەوەشکرد، هەر دانوستانێک کە لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە بکرێت، روسیا ئامادەیە بەشداری تێدا بکات بەمەرجێک ئەو گفتوگۆکە فرە لایەن بێت و بە بەشداری هەمو ئەو وڵاتانە بێت کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین.
ئەوەشی خستەڕو، "هەریەک لە بریتانیا و فڕەنسا دو هێزی فەرمی جیهانن کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین، هەروەەها هیند و پاکستانیش چەکی ئەتۆمیان هەیە، بەشداریان لەهیچ رێککەوتننامەیەکدا نەکردوە، کە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی بەستراوە، جگە لەمانە دو دەوڵەتی دیکەش هەن کە چەکی ئەتۆمیان هەیە".
خەندان
