تورکیا: 101 سەربازی سوپای سووریامان کوشتوون

تورکیا: 101 سەربازی سوپای سووریامان کوشتوون
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایدەگەیێنێت، لەدوای هێرشەکەی سوپای سووریا بۆ سەر هێزەکانیان 115 پێگەی ئەو سوپایەیان کردوونەتە ئامانج و بەهۆیەوە 101 سەربازی سووریایان کوشتوون.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانێکی سوپای سووریا بۆسەر پێگەیەکی سوپای تورکیا لە ئیدلب، پێنج سەربازیان کوژراوە و پێنج سەربازی دیکەشیان برینداربوون.

هاوکات لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی ئەو هێرشە ئاماژە بەوە دەکات، لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لە خۆ، دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکە دراوەتەوە.

هاوکات لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی رووسی، ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئیدانەی هێرشکردنە سەر سەربازانی تورکیای لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە کرد و رایگەیاندووە "پێویستە دەستبەجێ ئەو هێرشانە بووەستێندرێن".

وەزارەتى بەرگريى توركيا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانیاندا سێ تانك و شوێنى دوو تۆپهاوێژیان تێکداوە و بەگوێرەی زانیارییەکان هێلیکۆپتەرێکیش خراوەتە خوارەوە.


هاوکات سوپای تورکیا رایگەیاند، ئەو پێنج سەربازەی بەهۆی هێرشی سوپای سووریا برینداربوون، لەڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە گواسترانەوە نەخۆشخانەی پارێزگای هاتای.
Top