وەزیری بەرگریی ئێران: هەڵدانی کەشتیی ئاسمانیی زەفەر سەرکەوتوو نەبوو

 وەزیری بەرگریی ئێران: هەڵدانی کەشتیی ئاسمانیی زەفەر سەرکەوتوو نەبوو
بە گوتەی گوتەبێژی کاروباری فەزایی وەزارەتی بەرگریی ئێران، دوێنێ کە بڕیار بوو کەشتیی ئاسمانیی "زەفەر" ڕەوانەی بۆشایی ئاسامن بکرێت، بەهۆی نەبوونی خێرایی پێویست، نەیتوانیوە لە بۆشایی ئاسمان جێگر ببێت و شکستی هێناوە.

هەرچەند هەندێ لە میدیا فەرمییەکانی ئێران بە وردی ئاماژەیان بەو شکستە نەکردووە و ڕایان گەیاندووە هەڵدانی ئەو کەشتییە ئاسمانییە کاتەکەی گۆڕاوە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی بێ پلانی و شکستهێنانی ئەو پرۆژەیە، وەزارەتەکانی بەرگریی و تەکنۆلۆژیای ئێران تووشی کێشە بوون و هیچ زانیاری و پێوشوێنیکیان لەو کەشتییە ئاسمانییە نییە.

لەمبارەوە محەمەد جەواد ئازەری جەهرومی وەزیری پەیوەندی و تەکنۆلۆژیای ئێران بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: "کەشتیی ئاسمانیی زەفەر گەیشتە ٦٤٠ کیلۆمەتریی ئاسمان، بەڵام بۆ جێگیربوونی ئەو کەشتییە لە بۆشایی ئاسمان دەبوا بگاتە خێرایی حەوت هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر، بەڵام ئەو خێراییەی مسۆگەر نەکرد".

ئاماژەی بەوەش کردووە: "کەشتییە ئاسمانییەکە تووشی کەمیی خێرایی بووە و لە بۆشایی ئاسمان جێگر نەبووە و لە ئۆقیانووسی هیند کەوتووەتە خوارەوە".

ئازەری جەهرومی ڕاشی گەیاندووە: "پێچەوانەی کەشتیی ئاسمانیی "پەیام" کە گرفتی تەکنۆلۆژیی هەبووە، ئەمجارە گرفت لە مەکینەی کەشتییەکەدا بووە".

کەشتیی ئاسمانیی "زەفەر" کە کێشی 113 کیلۆ بووە، لەڕێگەی مووشەکی "سیمورغ"ەوە بۆ بەرزایی ٥٣٠ کیلۆمەتریی هەڵدراوە و سەرەنجام شکتی هێنا و هەندێ زانیاریی خۆجێی باس لەوە دەکەن کە پارچەکانی ئەو کەشتییە ئاسمانییە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کەوتووەتە خوارەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فارسیی "ڕادیۆ فەردا" لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا ئەمە چوارەمین جارە هەڵدانی کەشتییە ئاسمانییەکانی ئێران سەرەڕای ئەو هەموو خەرج و هەزینانەی بۆی دەکرێت، شکست دێنن و ئێران ساڵی 2019 سێ جار هەوڵی دا کەشتیی ئاسمانیی ناهید بنێرێتە بۆشایی ئاسمان، بەڵام تێیدا سەرکەتوو نەبوو و ئەمەش لە ئاستی ناوخۆیی و نیودەوڵەتیدا لەڕووی شکستهێنانی زانیاری و تەکنۆلۆژیا زۆر بە زیانی ئێران شکایەوە.

هاوکات لە ساڵی 2018شدا ئێران دوو جار هەوڵی ئەو کارەی دا و سەرکەوتوو نەبوو و هاوکات لە لە دەیەی ٨٠ی هەتاویشدا ئێران دوو جار لە هەڵدانی کەشتیی ئاسمانیدا شکستی هێناوە.





باسنیوز
Top