باڵوێزی ئێران نهێنیی دوا سەردانی قاسم سولەیمانی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات

باڵوێزی ئێران نهێنیی دوا سەردانی قاسم سولەیمانی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات
باڵوێزی ئێران لە بەغدا نهێنیی دوایین سەردانی قاسم سولەیمانی بۆ عێراق، کە تێیدا کوژرا، ئاشکرا دەکات.

ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ئێران لە بەغدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ی راگەیاندووە، قاسم سولەیمانی لەدوایین سەردانیدا، پەیامی حکوومەتی ئێرانی بۆ عێراق هێنابوو.

ئیرەج مەسجدی ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، پەیامەکە بریتی بوو لە هەڵوێستی ئێران لەبارەی هەوڵدانی عێراق بۆ نێوەندگیری لەنێوان سعودیە و ئێران.

باڵوێزی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئێران پێشوازیی لەو هەوڵەی عێراق کرد و پێشوازیی لە هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە دەکا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوان وڵاتەکەی لەلایەک و سعودیە و ئیمارات لە لایەک.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە، یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.











باسنيوز
Top