ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا
ئەمڕۆ سێشەممە 4-2-2020، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی بەلجیکا رایانگەیاندووە، کە حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە وڵاتەکەیان تۆمار کراوە.
هەروەک بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی بەلجیکا رایانگەیاندووە، نۆ هاووڵاتیی وڵاتەکەیان لە شاری وهان لە چین گەڕاندووەتەوە و لە نەخۆشخانەیەکی سەربازیی لە برۆکسلی پایتەخت خراونەتە ژێر چاودێریی پزیشکی.
دوای پشکنین، دەرکەوتووە یەکێک لەو هاووڵاتییانەی بەلجیکا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.
پێشتر ڤایرۆسەکە گەیشبووە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، ئیسپانیا و سوید لە کیشوەری ئەوروپا.
بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی مردووان بەرزبووەتەوە بۆ 427 کەس، کە یەکێکیان هاووڵاتیی فلیپینە، یەکێکیش هاووڵاتیی هۆنگ کۆنگە و ئەوانی دیکە هاووڵاتیی چینن.
لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە و تا ئێستا لە چەند وڵاتێک دۆزراوەتەوە، لە شاری وهان سەری هەڵدا.
باسنيوز
