زاواکەی ترەمپ گرێبەستی سەدە دەباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

 زاواکەی ترەمپ گرێبەستی سەدە دەباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی


راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا و هاوسەری کچەکەی، گرێبەستی سەدە دەباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

لەسەر داوای ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە 6-2-2020، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جارید کۆشنێر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و هاوسەری ئیڤانکای کچی ترەمپ، کۆ دەبێتەوە.

گفتوگۆکردنەکە لەبارەی گرێبەستی سەدە دەبێت، کە دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی رایگەیاند و پرۆژەیەکە بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل و کۆتاییهێنان بە کێشەی فەلەستین.

پێشتر جارید کۆشنێر رایگەیاندبوو، کە چەند مەرجێکیان داناوە و ئەگەر فەلەستینییەکان پێوەی پابەند بن، ئەوا ئەمریکا پاڵپشتیی دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین دەکات و داواش لە ئیسرائیل دەکات دان بەو دەوڵەتەدا بنێت.

رۆژی سێشەممە 28-1-2020، دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی گرێبەستی سەدەی راگەیاند، کە پلانێکی نوێیە و مافی دامەزراندنی دەوڵەت بە فەلەستینییەکان دەدات و قودس (ئۆرشەلیم) وەک پایتەختی ئیسرائیل پێناسە دەکات.

پلانەکە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بەڵام تا ئێستا فەلەستینییەکان رەتی دەکەنەوە.

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، گرێبەستی سەدە تەنیا تایبەت نییە بە ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بەڵکو زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە.

چاودێران پێشبینی دەکەن بەهۆی ئەو گرێبەستەوە، کە ئەمریکا چەند ساڵێکە کاری بۆ دەکات، عێراق بەسەر سێ وڵاتی کوردستان، سوننە و شیعەدا دابەش دەبێت.







باسنيوز
Top