وەزیری بەرگریی تورکیا: 76 سەربازی رژێمی سووریامان کوشت

وەزیری بەرگریی تورکیا: 76 سەربازی رژێمی سووریامان کوشت
دوای کوژرانی پێنج سەرباز و سێ کارمەندی دیکەی کەرتی سەربازیی تورکیا لە بۆردوومانی هێزەکانی سووریا لە باکووری رۆژئاوای ئیدلب، وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، 76 سەربازی رژێمی سووریایان کوشتووە.

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، 54 بنکەی رژێمی سووریایان لە ئیدلب کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە 76 سەربازی رژێمی سووریایان کوشتووە.

پێشتر وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ژمارەی ئەو سەربازانەی وڵاتەکەی لە ئیدلب کوژراون گەیشتووەتە پێنج سەرباز و کەسێکی مەدەنی کە لەگەڵ سوپای تورکیا بووە، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە ئۆکراینا رایگەیاند، ژمارەی کوژراوەکان گەیشتووەتە هەشت کەس کە پێنج یان سەرباز و سێ کەسی دیکەیان کارمەندی کەرتی سەربازیین.

دوای کوژرانی ئەو ژمارە لە سەرباز و کارمەندی کەرتی سەربازی تورکیا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئەوانەی ئەو کارەیان ئەنجامداوە بە سزا دەگەیێنرێن و لە هەر هێرشێکی لەو شێوەیەشدا بەرگریی لەخۆیان دەکەن.

تورکیا 12 بنکەی چاودێری لە ئەو ناوچەیە هەیە، ئەوەش بەپێی رێککەوتنی لەگەڵ رووسیا کە پاڵپشتی حکومەتی دیمەشق دەکات.

سوپای رووسیا ئاماژەی بەوە دا "تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەی لە ئیدلب دەستیپێکردووە رووسیای ئاگادارنەکردووەتەوە و بۆیە کراوەتە ئامانج. هێزە سەربازییەکانی تورکیا شەوی دووی شوبات بێ ئەوەی زانیاری بە لایەنی رووسیا بدەن، بەرەو ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب جووڵەیان کردووە".
Top