ڕێبەر ئەحمەد: سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران پرسی پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ کوردستان تاتوێ دەکەن

 ڕێبەر ئەحمەد: سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران پرسی پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ کوردستان تاتوێ دەکەن
بڕیارە ئەمڕۆ دووسەممە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر پێکەوە کۆ ببنەوە و تێیدا چەند پرسێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و ڕەوشی عێراق و ئاڵۆگۆڕەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ دەکرێن.

لەمبارەوە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەبارەی ناوەرۆکی ئەو کۆبوونەوە گوتی: "کۆبوونەوەیەکی ئاساییە و بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕیوە دەچێت و بابەت و مژارەکانی ناو ئەو کۆبوونەوەیە جەخت لەسەر هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەو هەنگاوانەی کە تاکوو ئێستا هاوێژراون، دەخرێنە بەرباس".

ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد: "کۆبوونەوەکە تاوتویێ پشتگیریکردنە لە هەنگاوەکان و هاوکات باس لەو ئاڵوگۆڕ و هاوکێشانە دەکرێت کە ئێستا ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت و بەتایبەت عێراق، کە لە بارودۆخێکی ناسەقامگیر دایە و داهاتوویەکی نادیاری لە پێشە و ئەو هەوڵانەی کە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران و کابینەیەکی نوێ لە عێراق لە گۆڕێدان، بەشێکی کۆبوونەوەکە دەبێت"

وەزیری ناوخۆ ڕاشی گەیاند: "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت وەزارەتەکانی تەندروستی، ناوخۆ بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی ڤایرۆس و نەخۆشیی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان و گەنگەشەی ئەم پرسە دەکرێت تاکوو بزانین چ پێویستە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگیرێتە پێش بۆ ئەوەی باشتر و سەلامەتیی هاووڵاتیان پارێزراو بێت".

لەبارەی پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، ڕێبەر ئەحمەد گوتی: "بێگومان بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەنگی هەموو پێکهاتەکان ناکرێت، هەنگاو هەڵبگیریرێت، چونکە ئەگەر بێت و هەر پێکهاتەیەک پشتگوێ بخرێت، ئاسەواری باشی نابێت و ئەو سەرۆک وەزیرانە ناتوانێ تەعبیر لە هەموو عێراقییەکان بکات، ئەگەر بێت و ڕا و دەنگی هەموو عێراقییەکانی لەسەر نەبێت".



باسنیوز
Top