زاواکەی ترەمپ مەرجەکانی دروستکردنی دەوڵەت بۆ فەلەستینییەکان دیاری دەکات

 زاواکەی ترەمپ مەرجەکانی دروستکردنی دەوڵەت بۆ فەلەستینییەکان دیاری دەکات


گەورە راوێژکار و هاوسەری کچەکەی سەرۆکی ئەمریکا مەرجەکانی دروستکردنی دەوڵەت بۆ فەلەستینییەکان، دیاری دەکات.

جارید کۆشنێر، هاوسەری ئیڤانکای کچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەگەر فەلەستینییەکان مەرجەکان جێبەجێ بکەن، ئەوا دەوڵەتێک بۆ فەلەستین دروست دەکرێت و ئەمریکا داوا لە ئیسرائیل دەکات دان بە دەوڵەتەکەدا بنێت.

جارید کۆشنێر، کە گەورە راوێژکاری دۆناڵد ترەمپە و یەکێکە لە داڕێژەرانی گرێبەستی سەدە، بە (CNN)ی راگەیاندووە، ئەگەر فەلەستینییەکان دەیانەوێ دەوڵەتیان هەبێ، ئەوا پێویستە؛

- ئازادیی رۆژنامەوانییان هەبێ.

- هەڵبژاردنی سەربەخۆ و پاکیان هەبێ.

- ئازادیی ئاینییان هەبێ.

- سیستەمێکی دادوەریی ئازاد و سەربەخۆیان هەبێ

- سیستەمێکی دارایی توندوتۆڵیان هەبێ

راوێژکارەکەی دۆناڵد ترەمپ هۆشداریشی داوەتە فەلەستینییەکان، کە ئەگەر لەو باوەڕەدا نین ئەو مەرجانەیان پێجێبەجێ بکرێ، ئەوا ئەمریکا ناتوانێ، ئیسرائیل بخاتە مەترسیەوە و داوای لێبکات دان بە دەوڵەتی فەلەستینیدا بنێت.

رۆژی سێشەممە 28-1-2020، دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی گرێبەستی سەدەی راگەیاند، کە پلانێکی نوێیە و مافی دامەزراندنی دەوڵەت بە فەلەستینییەکان دەدات و قودس (ئۆرشەلیم) وەک پایتەختی ئیسرائیل پێناسە دەکات.

پلانەکە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بەڵام تا ئێستا فەلەستینییەکان رەتی دەکەنەوە.

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، گرێبەستی سەدە تەنیا تایبەت نییە بە ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بەڵکو زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە.

چاودێران پێشبینی دەکەن بەهۆی ئەو گرێبەستەوە، کە ئەمریکا چەند ساڵێکە کاری بۆ دەکات، عێراق بەسەر سێ وڵاتی کوردستان، سوننە و شیعەدا دابەش دەبێت.









باسنيوز
Top