یابان کەشتییەکی مەزنی جەنگیی ڕەوانەی کەنداو کرد

 یابان کەشتییەکی مەزنی جەنگیی ڕەوانەی کەنداو کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە کەشتیی جەنگیی یابان بەناوی "تاکانامی" بۆ بەرگری لە ئازادیی کەشتییەوانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەندەرێکی نزیکی تۆکیۆوە بەرەو دەریای عەمان ڕەوانە کرا.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی یابان دوو فڕۆکەی هەواڵگری و زانیاریی (P-3C) بۆ پاراستنی ئەو کەشتییە مەزنە جەنگییە خراونەتە کار و چاودێریی دەکەن.

یابان یەکێک لە مشتەرییە گرنگەکانی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و 90٪ی پێویستیی نەوتی خۆی لەو ناوچەیە دابین دەکات.

یوشیهیدە سوگا، سەرۆکی لیژنەی دەوڵەتی یابان پێشتر ڕای گەیاندووە، هەناردنی هێز بۆ دەریای عەمان، لەڕاستای یارمەتیدانی "ئاشتی و سەقامگیری"ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بە گوتەی ئەو بەرپرسەی یابان، ئەو هێزانەی لەگەڵ ئەو کەشتییە دەنێردرێن، لە ئەگەری هەستکردن بە مەترسی، بۆیان هەیە لەڕێگەی سەربازییەوە بەرگری لە خۆیان بکەن.

لەمبارەوە بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئێران لە تۆکیۆ لەمبارەوە کاردانەوەیان هەبووە و ئاشکرایان کردووە: "بەشداریی هێزە سەربازییە بیانییەکان لە ناوچەکە بە واتای سەقامگیریی ئاشتی و سەقامگیری نایەتە ئەژمار".

پاش هێرش بۆ سەر چەند کەشتیی نەوتهەڵگر و بازرگانی لە کەنداو و دەریای عەمان لە ساڵی پار، نیگەرانییەکان بۆ کەوتنە مەترسیی ڕێگەی دەریایی و ئاسایشی کەشتییەوانییەکان زیادیان کرد و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوپیەمانێییەکیان بۆ پاراستنی ڕێگە دەریاییەکان پێک هێناوە.

یابان و وڵاتانی ڕۆژئاوا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لەو هێرشانەدا دەستی هەیە، بەڵام ئێران ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

یابان بە یەکێک لە سەرەکیترین کڕیارانی نەوتی ئێران دەهاتە ئەژمار، بەڵام پاش گەمارۆکانی ئەمریکا لەدژی تاران، کڕینی نەوتی لە ئێران ڕاگرتووە.











باسنیوز
Top