توركیا 42 هاووڵاتیی خۆی لە وۆهانی چینەوە هێنایەوە بۆ توركیا
وۆهان ئەو شارەیە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوێ سەری هەڵدا و شارەكە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە بە تەواوی کەرەنتینە كراوە و هاووڵاتیان لە ماڵەكانیان نایەنە دەرەوە، لەلایەن حكوومەتی توركیاوە و بە فڕۆكەیەكی تایبەت توركەكانیان هێناوەتەوە بۆ توركیا.
فەخرەدین كۆجا وەزیری تەندروستیی توركیا لە پێگەی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، كە بە فڕۆكەیەكی تایبەت، توانیویانە ٤٢ هاووڵاتیی توركیا لە وۆهان بهێننەوە بۆ توركیا و دوای كۆنتڕۆڵكردنی تەندروستییان دەركەوت كە هیچ كامیان كۆرۆنایان نەبووە.
باسی لەوەش كرد، كە شەش هاووڵاتی تورك، بە رەزامەندیی خۆیان لە وۆهان ماونەتەوە و گوتوویانە ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ توركیا.
كۆجا ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە لە توركیا هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار نەكراوە و تیمەكانیشیان كاری بەدەوام دەكەن تا رێگە لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بگرن.
باسنيوز
