درێژترین تونێلی ماددەی هۆشبەر لەنێوان ئەمریکا و مەکسیک دۆزرایەوە

درێژترین تونێلی ماددەی هۆشبەر لەنێوان ئەمریکا و مەکسیک دۆزرایەوە
حکومەتی ئەمریکا درێژترین تونێلی تایبەت بە قاچاخی و گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکانی لە سنووری باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەی لەگەڵ مەکسیکدا دۆزیەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، تونێلەکە زیاتر لە کیلۆمەترێک درێژە و لە باڵەخانەیەکی شاری تیخوانای مەکسیکەوە بۆ ناوچەی ساندیگۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا درێژبووەتەوە.

ئاژانسی "پاراستنی سنوور و گومرگی ئەمریکا" بڵاویکردەوە، تونێلەکە سیستمی گواستنەوەی پێداویستیی لەرێگەی سکەی شەمەندەفەر، ئاڵوگۆڕکردنی هەوا، کێبڵی کارەبایی ڤۆڵتاجی بەرز، مەسعەد لە بەردەرگای تونێلەکە و سیستمی وشککردنەوەی تێدابووە.

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، درێژیی تونێلەکە هەزار و 313 مەترە، مەترێک و 68 سانتیمەتر بەرزە، 61 سانتیمەتر پانە و 21 مەتریش لەژێر رووی زەویەوەیە.

لە ساڵی 2014یشدا تونێلێک لە سان دیێگۆ دۆزرایەوە کە 904 مەتر درێژبوو. ئەم تونێلانە بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لەنێوان مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەکاردەهێنرێن.
Top