ئیدارەی ئەمریکا رێگری لە بڵاوبوونەوەی کتێبێکی جۆن بۆڵتن دەکات

 ئیدارەی ئەمریکا رێگری لە بڵاوبوونەوەی کتێبێکی جۆن بۆڵتن دەکات


ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، رێگری لە بڵاوبوونەوەی کتێبێکی راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، دەکات.

جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا (لە مانگی 4ـی 2018 تا مانگی 9ـی 2019)، کتێبێکی نووسیوە و ئێستا لەژێر چاپکردن دایە.

کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) بە بیانووی بوونی زانیاریی نهێنی لە کتێبەکەدا، بڕیاری رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی جۆن بۆڵتنی داوە.

کۆشکی سپی نووسراوێکی ئاراستەی چاڕلز کوپەر، پارێزەری جۆن بۆڵتن کردووە و تێیدا رایگەیاندووە، کتێبەکە ”هەندێک زانیاریی زۆر نهێنی“ تێدایە و دەبێ بسڕێندرێنەوە، ئەگەرنا نابێ بڵاو بکرێتەوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، کە ئەگەر لەو کاتەی بۆڵتن راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو گوێی لێ بگربا، ئەوا ئێستا لەناو شەڕی شەشەمی جیهانیدا دەبووین، ”كەچی ئەو تازە ئەو بە نیازە كتێبێكی درۆیینە و شەڕانگێزانە بڵاو بكاتەوە“.








باسنیوز
Top