پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ برێکزیتی پەسندکرد
کەشوهەوای نێو پەرلەمانی ئەورووپا ئەم ئێوارەیە کۆدەنگی و دڵتەنگیشی پێوەدیاربوو کاتێک پەرلەمانتاران خواحافیزیان لەیەک دەکرد و وێنەی یادگاریان لەگەڵ یەکدی دەگرت.
پەرلەمانی ئەورووپا لە 751 پەرلەمانتار پێکدێت، بە رۆیشتنی بەریتانییەکان 678 پەرلەمانتار دەمێننەوە، ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 29-1-2020 لە پەرلەمانی ئەوروپا تەنیا دوو رۆژ بەر لە وادەی فەرمی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دێت.
هەزار و 317 رۆژ پاش هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا بۆ چوونەدەرەوە لە یەکێتیی ئەوروپا، دواجار نیوەشەوی هەینی 31-1-2020 ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە جێبەجێدەکرێن و بەریتانیا بە فەرمی لە یەکێتیەکە دەچێتە دەرەوە. لێرە قۆناخەکانی دوای برێکزیت بزانە.
سبەی پێنجشەممە پەرلەمانتارانی بەریتانیاش بۆ دوایین جار بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەوروپا دەکەن.
لە کۆبوونەوەی 20-12-2019ـی پەرلەمانی بەریتانیا بە دەنگی 358 پەرلەمانتار بەرامبەر 232 پەرلەمانتار چوونەدەرەوەی بەریتانیای لە یەکێتی ئەوروپا پەسندکرا، ئەوەش دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر داخوازی سەرۆکوەزیران کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2019 و بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر رکابەرەکانیدا بەدەستهێنا.
لە حوزەیرانی 2016دا گشتپرسییەک ئەنجامدرا و 52%ی بەشداربووانی پشتگیریان لە چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا کرد و 48%ـی دیکەیان لەگەڵ مانەوەی بەریتانیا لەچوارچێوەی یەکێتیی ئەوروپادا بوون.
