توركیا: هەر بنەماڵەیەکی زیانلێكەوتووی خارپێت 41 هەزار لیرەی پێ دەدرێت
سولەیمان سویلو، وەزیری ناوخۆی توركیا، ڕای گەیاندووە حكوومەتی توركیا بڕیاری داوە بۆ هەر بنەماڵەیەكی زیانلێكەوتووی بوومەلەرزەکەی خارپێت و مالاتیا، كە خانووەكەیان بەهۆی بوومەلەرزەكەوە بەتەواوی رووخاوە، بڕی ٤١ هەزار لیرەی توركی پێ دەدرێت.
سویلو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ئاشكرای كرد، حكوومەت بەپەلە چەند شوێنێكی حەوانەوەی بۆ ئەو بنەماڵانە ئامادە كردووە كە بەهۆی بوومەلەرزەكەوە بێسەرشوێن بوون، هەروەها ئاوی پاك و خواردنیشیان بۆ دابین دەكات.
ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەوەیە ئەو بنەماڵانە بە پەلە بتوانن خانوو بە كرێ بگرن و تێیدا بژین.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، تا ئێستا ٨٦ كەس لە بریندارانی بوومەلەرزەكە بێهۆشن و هۆشیان نەهاتووەتە بەر خۆیان، چونكە باری تەندروستییان ناجێگیرە، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ رزگاركردنیان.
بەهۆی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان تا ئێستا نزیکەی 40 کەس گیانیان لەدەست داوە و بە سەدان کەسیش بریندارن و بە دەیان باڵەخانە و بیناش داڕووخان.
باسنيوز
