ئەمریکا رەتیدەکاتەوە تاڵیبان فڕۆکەیەکی لە ئەفغانستان خستبێتەخوارەوە
بزووتنەوەی تاڵیبان دەڵێت، ئەو فڕۆکەیەی کەوتووەتە خوارەوە فڕۆکەیەکی ئەمریکییە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان کەوتووەتە خوارەوە. زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان بە کەناڵی بی بی سی راگەیاندووە، چەکدارانی بزووتنەوەکەی فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکییان خستووەتە خوارەوە کە بەرپرسانی هەواڵگری تێدابووە.
کۆلۆنێل سۆنی لێگێت، گوتەبێژی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هیچ ئاماژەیەک نییە فڕۆکەی E-11A کە ئەمڕۆ لە غازنی کەوتەخوارەوە، بە هێرشی دوژمن خرابێتە خوارەوە.
ئەو گوتەبێژە دەشڵێت، ئەو هەواڵانەی تاڵیبان کە دەڵێن فڕۆکەیەکی دیکە خراوەتەخوارەوە دوورن لە راستییەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەفسەرێکی سوپای ئەمریکا بە سی بی ئێس ـی ئەمریکی راگەیاندووە، فڕۆکەیەکی E-11 لە ئەفغانستان کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانە بدات کە لە فڕۆکەکەدا بوون. سوپای ئەمریکاش ئاماژە بەوە دەکات، ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەن.
عارف نووری، گوتەبێژی حکومەتی خۆجێی غەزنی بە هەمان سەرچاوەی ئەمریکی گوتووە، تەرمی دوو فڕۆکەوان لە شوێنەکە دۆزراونەتەوە.
پێشتر وا بڵاوکرایەوە فڕۆکەیەکی مەدەنی سەر بە هێڵی ئاسمانیی ئاریانا ئەیرلاینزی ئەفغانییە، دەسەڵاتی مەدەنی فڕۆکەوانی ئەفغانستان رایگەیاندووە، ئەوان ئاگادار نین هیچ فڕۆکەیەکی مەدەنی کەوتبێتە خوارەوە و هەموو فڕۆکەکانی سەر بە هێڵی ئاسمانیی ئاریانا ئەفغان ئەمڕۆ بێ کێشە بوون و گەشتەکانیان ئەنجامداوە.
هێڵی ئاسمانیی ئاریاناش لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی گوتەکانی دەسەڵاتی مەدەنی فڕۆکەوانی ئەفغانستانی کردووە و دەڵێت، هەموو فڕۆکەکانیان بەشێوەیەکی ئاسایی گەشتی خۆیان ئەنجامداوە.
تاوەکو ئێستا دیارنییە کە ژمارەی قوربانییەکان چەندن لەبەر ئەوەی ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی تاڵیبانە و هیچ ئامارێکی فەرمیش نە لەلایەن تاڵیبان نە سوپای ئەمریکا بڵاونەکراونەتەوە.
