حەفتەر بەرەو گەورەشاری مەسراتە پێشڕەوی دەكات

 حەفتەر بەرەو گەورەشاری مەسراتە پێشڕەوی دەكات


بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (رۆیتەرز)، هێزەكانی سوپای نیشتمانیی لیبیا، كە خەلیفە حەفتەر رێبەرایەتیی دەكات، بەرەیەكی تازەی شەڕیان لە شاری مەسراتە كردووەتەوە، هەروەها بەرەو ئەو شارە پێشڕەوی دەكەن.

بە گوێرەوی زانیارییەكان، سوپای لیبیا بە سەرۆكایەتیی حكوومەتی سەراج، كە توركیا پاڵپشتییەكی تەواوی ئەو حكوومەتە دەكات، لە بەرەی مەسراتە لە شەڕێكی توند دان لەگەڵ هێزەكانی حەفتەر، تاكوو ئێستاش دوو سەربازی سەر بە حەفتەر كوژراون و ٨ی تریش بریندارن.

رۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، كە حەفتەر دەیەوێت بەرەیەكی تری شەڕ لەگەڵ حكوومەتی لیبیا بكاتەوە و دەیەوێت مەسراتە کە سێیەمین گەورە شاری لیبیایە لەڕووی دانیشتوانەوە و کەوتووەتە کەناری دەریاوە، بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە.

ئەحمەد میسماری گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان تۆمەتبار دەكات بە هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە لیبیا، چونكە ئەو هێزی بۆ لیبیا ناردووە و لە مەسراتەش هەر هێزەكانی لیبیا شەڕیان دەست پێ كردووە، نەك هێزەكانی حەفتەر.

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، كە حەفتەر دەیەوێت مەسراتە بخاتە ژێر ركفی خۆیەوە، تا لەو رێگەیەوە گەمارۆ بخاتە سەر تەرابلووس.




باسنیوز
Top