بەهۆی کۆڕۆناوە عێراق هەوڵی گەڕاندنەوەی قوتابی و هاووڵاتیانی لە چین دەدات

 بەهۆی کۆڕۆناوە عێراق هەوڵی گەڕاندنەوەی قوتابی و هاووڵاتیانی لە چین دەدات


بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەوڵی گەڕاندنەوەی قوتابی و هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە کۆماری میللیی چین دەدات.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو رەوەندی عێراقی لە چین، تۆمار نەکراوە.

ئەحمەد سەحاف هەروەها رایگەیاندووە، کە پێشتر 150 قوتابی و هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە شاری وهان لە چین بوون، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە دابەزیوە بۆ 63 کەس.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە هەوڵدانیوەزارەتەکەی بۆ گەڕاندنەوەی قوتابی و هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی چین بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، رێگای چوون و هاتنیان لە شاری وهان داخستووە.

لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهان سەری هەڵداوە و چەندین شاری چینی گرتووەتەوە. تا ئێستا بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە، دوو ژهەزار و 744 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 80 کەس لە چین گیانیان لەدەست داوە.



باسنیوز
Top