شەفافیەتی نێودەوڵەتی گەندەڵترین و شەفافترین وڵاتانی بۆ ساڵی 2019 دیاریکرد
لە راپۆرتی رێکخراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێشتا هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەسەر ئاستی جیهان سستن و بەرەوپێشچوونی کەم لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەیە.
بەپێی راپۆرتەکە، پێنج لە شەفافترین وڵات لەسەر ئاستی جیهان بەدوای یەکدا لە یەکەم تاوەکو پێنجەم بریتین لە، دانیمارک، نیوزلەندا، فینلەندا، سەنگاپوور و سویسرا کە سیانیان وڵاتی ئەوروپین.
ساڵی رابردوو هەنگاوەکان دژی گەندەڵی زیاتربوون؛ هەزاران کەس لە وڵاتە ناشەفافەکاندا دژی گەندەڵی رژانە سەر شەقامەکان و دەیان کۆنفرانس و پانێڵ لەسەر ئەو بابەتە رێکخران، دێلیا روبیۆ، سەرۆکی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەڵێ "دەبێ حکومەتەکان بە خێرایی کێشەی گەورەی گەندەڵی و رۆڵی گەورەی پارە لە دارایی پارتە سیاسییەکان و کاریگەرییان لەسەر سیستەمی سیاسی چارەسەربکەن".
بەپێی ریزبەندیی رێکخراوەکە، گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان ئەو وڵاتانەن کە ئێستا رووبەرووی قەیرانی گەورە و هەندێکیان شەڕی نێوخۆییش بوونەتەوە، لەوانەش سۆماڵ لە پلەی 180یەم دێت، واتە گەندەڵترین وڵاتە، دوای ئەویش سوودانی باشوور دووەم گەندەڵترین وڵاتی جیهانە و لە پلەی 179 دێت، سووریا لە پلەی 178، یەمەن لە پلەی 177 و ڤەنزوێلاش لە پلەی 176ەمین وڵاتدا دێت.
ئێران ساڵی 2018 لە پلەی 138ەمیندا بووە، ئەمساڵ چووەتە پلەی 146ەمین وڵات، عێراقیش لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی کەمێک باشتر بووە، بەجۆرێک ساڵی 2018 لە پلەی 168ەمین وڵاتدا بووە، ئێستا چووەتە پلەی 162ەمین، واتە شەش پلە دابەزیوە.
رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی 1995ەوە، واتە دوو ساڵ دوای دامەزراندنی، ساڵانە ئەم راپۆرتە بڵاودەکاتەوە؛ راپۆرتەکە متمانەیەکی نێودەوڵەتیی هەیە و زانیارییەکانی لە زۆربەی دامەزراوە و ناوەندە گرنگەکانی وڵاتان و جیهان بەهەند وەردەگیرێن.
