هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: ئۆپەراسیۆنی دژی داعش وەستاوە

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: ئۆپەراسیۆنی دژی داعش وەستاوە
کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە و وەڵامە مووشەکییە سیمبۆلییەکەی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەنبار و هەولێر، جووڵەی ئەمریکییەکانی لە ناوچەکەدا لەڕووی تاکتیکییەوە گۆڕیوە؛ راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش یەکێکە لەو گۆڕانکارییانە.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش دەڵێ "ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان دژ بە داعش لەمکاتەدا راگیراون، بەڵام لەکاتێکدا راگیراون کە ئێمە هێشتا پەیوەندیی نزیکمان لەگەڵ هێزە ئەمنییە عێراقییە هاوبەشەکانمان هەیە".

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، مێشکی 34 سەربازی کاسکردووە، بۆیە ئەمریکییەکان دەستیان بە تووندترکردنی رێکارە ئەمنییەکان کردووە.

گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش باس لەوە دەکات ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە داعش راگیراون و دەڵێ "هاوپەیمانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە داعش لە دەرەوەی بنکە سەربازییەکان ئەنجام نادات و کاری لەپێشینەی ئێمە پاراستنی هێزە سەربازییەکانمانە. ئێمە ئاستی بەرگریکردن لە بنکەکاندا بەرزتر دەکەینەوە. دیواری کۆنکرێتی زیاتر و هەندێ بابەتی دیکە کە ئاسایشی ئێمە لەو هەڕەشانەی ماوەی رابردوو و هەڕەشە مووشەکییەکان بپارێزێت. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پلانی نییە هێزی سەربازی زیاتر بهێنێت یان بەشێوەیەکی گەورە جووڵە بە هێزەکانی لە عێراق بکات".

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نزیکەی 600 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستاندا هەن، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسی سویسرا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە گرنگیی کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد.

مایڵز کاگینز لەبارەی هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان گوتی "هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە هاوبەشن. ئەرکی سەرەکیمان تێکشکاندنی چەکدارە هەڵاتووەکانی داعشە، هەروەها ئێمە لەوێین تاوەکو بەرگری لە نەوتەکە بکەین. نەوتەکە بۆ هەسەدە گرنگە تاوەکو خەرجیی ئەرکەکانیان دابینبکەن و بتوانن خەرجیی پرۆسەکانی هێشتنەوەی زیاتر لە 10 هەزار ئەندامی دەستگیرکراوی داعش دابینبکەن".

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێنج هەزار و 200 سەربازی لە عێراقدا هەیە و لە 20%ی ئەو ژمارە سەربازانە کە دەکاتە هەزار و 40 سەرباز، لە هەرێمی کوردستاندان.
Top