لە داڤۆس دانیشتنێک لەبارەی ئەرکەکانی ناتۆوە بەڕێوەچوو

لە داڤۆس دانیشتنێک لەبارەی ئەرکەکانی ناتۆوە بەڕێوەچوو
یەکێک لە دانیشتنەکانی ئەمڕۆی کۆڕبەندی جیهانیی ئابووری لە داڤۆس تایبەت بوو بە قسەکردن لە بارەی ئەرک و ئاستەنگەکانی رێکخراوی ناتۆ.

لە پانێڵەکەدا هەریەکە لە یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی رێکخراوی ناتۆ، مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، جوولی بیشپ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، ئەندرێ دوودا، سەرۆکی پۆڵەندا و ڤینسینزۆ ئامێندۆلا، وەزیری کاروباری ئەوروپای ئیتالیا ئامادەبوون.

یانس ستۆڵنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، "لە راستیدا ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە کە دەڵێت گوایە ناتۆ لە لاوازبووندایە. ئەمریکا ئەوروپا بەجێناهێڵێت. ئەوە راستە کە پاش کۆتاییهاتنی جەنگی سارد ئەمریکا بۆ چەند مەبەستێکی ئەرێنی بەرەبەرە هێزی سەربازیی خۆی لە ئەوروپا کەمکردەوە، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەمریکا هێزی سەربازیی خۆی لە ئەوروپا زیادکردووە، ئەوەش بە ناردنی سەربازی زیاتر، وەبەرهێنانی زیاتر لە ژێرخانی ئابووریدا و زیادکردنی چالاکییەکانی. لە چەند مانگی داهاتوویشدا 20 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەوروپا جێگیردەکرێن و بوونی ئەمریکا بە گشتی لە ئەوروپا زیاددەکرێت".

تورکیا ئەندامێكی چالاکی ناتۆیە، بەڵام بڕیاری ئەنقەرە بۆ کڕینی سیستمی دژەمووشەکی ئێس 400 لە رووسیا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە سەربازییەی تووڕەکردووە.

کێشەکانی ناتۆ تەنیا تورکیا نین، لە 29 وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆ، تەنیا حەوت وڵاتیان بودجەی بەرگریی وەکو داواکراوە پێشکەشی ناتۆ کردووە کە ئەوە نیگەرانی و توڕەیی بەردەوامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە.

مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە گفتوکەدا گوتی، "پێویست بوو سیستمی ئێس 400 لە رووسیا بکڕین. دەبێت سەرەتا ئەو پرسیارە بکرێت، ئایا تورکیا پێویستی بەو سیستمەیە؟ بەدڵنیاییەوە بەڵێ، ئەوەش بەهۆی هەڕەشەکانی دەوروبەرمانەوە. ئایا تورکیا هەوڵیدا سیستمی دژەمووشەک لە هاوپەیمانەکانمان بکڕێت، لەوانەش ویلایەتە یەکگرتووەکان؟ بەڵێ، بۆ ماوەی دە ساڵ. ئایا توانیمان لە هاوپەیمانەکانی ناتۆمان سیستمی دژەمووشەک بکڕین؟ نەخێر، هەربۆیە پێویست بوو ئەو سیستمە لە رووسیا بکڕین".

کۆڕبەندەکە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت ناتۆ رۆڵێکی زیاتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت، لەوانەش لە عێراقدا.
Top