ئەمریکا هەڕەشەی کوشتنی جێگرەوەکەی قاسم سولەیمانی دەکات

 ئەمریکا هەڕەشەی کوشتنی جێگرەوەکەی قاسم سولەیمانی دەکات


نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رایدەگەیەنێت، جێگرەوەی فەرماندەی کوژراوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هەمان چارەنووسی ئەوی دەبێت.

برایان هۆک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (شەرقولەوسەت)، رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەی بە روونی رایگەیاندووە، هەر هێرشکردنێک بۆ سەر ئەمریکییەکان، وەڵامی توندی دەبێت.

برایان هۆک هەڕەشەی کوشتنی لە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودس کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر وەک قاسم سولەیمانی هەوڵی کوشتنی ئەمریکییەکان بدا، ئەوا هەمان چارەنووسی سولەیمانی دەبێت.

نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران هەروەها رایگەیاندووە، کە بەرپرسانی ئێران باش لەوە گەیشتوون، کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان باجی خۆی دەبێت و دەبێ ئێران و دارودەستەکانی ئەو باجە بدەن.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.




باسنیوز
Top