فەرماندەیەکی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران لە ئێران کوژرا

 فەرماندەیەکی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران لە ئێران کوژرا
ماڵپەڕێکی سەر بە سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە فەرماندەیەکی ڕێکخراوی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران لە شارێکی پارێزگای خووزستان بە دەستی کەسانێکی نەناسراو کوژراوە.

ماڵپەڕی (فارسنیوز)ی سەر بە سوپای پاسداران لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020.1.22 فەرماندەیەکی بەسیج بەناوی "عەبدولحوسێن موجدەمی، فەرماندەی ڕێکخراوی بەسیجی شاری "دارخۆین"ی سەر بە پارێزگای خووزستان بە دەسترێژی گوللە لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە کوژراوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو ڕووداوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشممە بووە و چەند کەسێکی دەمامکدار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی لە شاری "شادگان" و کوشتوویانە و هەتا ئێستا لەبارەی کوشتنی کەسانی دیکە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە و هیچ بەرپرسێکی فەرمیش لەمبارەوە لێدوانی نەداوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردووی ئێراندا لە شارەکانی "ماهشەهر، شادگان و دارخۆین" کە زۆربەیان بە ڕەگەز عەرەبن، خەڵکی زۆر کوژراوە و پێدەچێت ئەم ڕووداوە تۆڵەکردنەوە بێت.






باسنیوز
Top