ترەمپ گەشتی ئەمریکا لە هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی دیکە قەدەغە دەکات
سەرۆکی ئەمریکا گەشتکردن بۆ وڵاتەکەی لە هاووڵاتییانی حەوت وڵات قەدەغە دەکات.
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرنال)ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەکانی بڵاوی کردووەتەوە، کە ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ بە نیازە لیستێکی دیکەی ئەو وڵاتانە بڵاو بکاتەوە، کە ڤیزای ئەمریکا بە هاووڵاتییەکانیان نادرێ.
ماڵپەڕی (پۆڵەتیکۆ)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە لیستی ناوی وڵاتەکان تەواو نەبووە و ئەگەر هەیە گۆڕانکاری تێدا بکرێت.
رۆژنامە ئەمریکییەکە ناوی حەوت وڵاتی بڵاو کردووەتەوە، کە ترەمپ بە نیازە پێدانی ڤیزای وڵاتەکەی بە هاووڵاتییانی، قەدەغە بکات.
ناوی وڵاتەکان بەپێی لیستە نوێیەکە:
- رووسیای سپی
- قیرغیزستان
- میانمانر (بۆرما)
- سوودان
- ئەریتریا
- تانزانیا
- نایجیریا
پێشتر ئاژانسی (ئەسۆشێیتد پرێس) لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاوی کردبووەوە، کە دۆناڵد ترەم سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستەکەیە و چاوەڕوان دەکرێ لە 27ـی ئەم مانگە (مانگی 1ـی 2020)، ئاشکرای بکات.
دۆناڵد ترەمپ لە لیستە نوێیەکەدا، ناوی ئەو وڵاتانە ئاشکرا دەکات، کە ڤیزای ئەمریکا بە هاووڵاتیانیان نادرێ و بریتین لە ئێران، سووریا، یەمەن، سۆماڵ، لیبیا، ڤەنزوێللا و کۆریای باکوور.
پێشتریش لە ساڵی 2017، دۆناڵد ترەمپ لیستێکی ئەو وڵاتانەی بڵاو کردبووەوە، کە گەشتی هاووڵاتییەکانی بۆ ئەمریکا قەدەغەیە، بەڵام لەو لیستە نوێیەدا، ناوی ئەو وڵاتانە، کە بریتین لە عێراق، سودان و چاد، دەرهێندراوە.
باسنیوز
