پەرلەمانتارێکی ئێران سێ ملیۆن دۆلار دەکاتە خەڵات بۆ کوشتنی ترەمپ
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە 21-1-2020، ئەحمەد هەمزە، پەرلەمانتاری شاری کرمان رایگەیاندووە، بە نوێنەرایەتیی خەڵکی کرمان، لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، بڕی سێ ملیۆن دۆلار وەک خەڵات بۆ ئەو کەسەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەکوژێ، دیاری دەکات.
پێشتریش بێژەرێکی کەناڵی فەرمیی ئێران رایگەیاندبوو، ژمارەی دانیشتووانی ئێران 80 ملیۆن کەسە و هەوڵ دەدا دەست بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی یەک دۆلار لەو 80 ملیۆن کەسە بکات، بۆ ئەوەی بڕی 80 ملیۆن دۆلار کۆ بکاتەوە و بیکاتە خەڵاتی کوشتنی سەرۆکی ئەمریکا.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
