وڵاتی هیندۆراس حزبوڵای لوبنانی خستە لیستەی تیرۆرەوە

 وڵاتی هیندۆراس حزبوڵای لوبنانی خستە لیستەی تیرۆرەوە
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی و هەواڵگریی وڵاتی هیندۆراس ئاشکرای کردووە، حکوومەتی ئەو وڵاتە بە فەرمی ڕێکخراوی حزبوڵای لوبنانی خستووەتە لیستەی تیرۆرەوە.

لەمبارەوە "لۆئیس سوازۆ" وەزیری ئەمنیەتی هیندۆراس، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: "ئێمە حزبوڵای لوبنانمان وەک گرووپێکی تیرۆریستی ڕاگەیاندووە و بە فەرمی خستوومانەتە لیستەی ئەو دامەزراوە و کەسانەوە کە پەیوەنیدارن بە تیرۆر و سەرچاوەی دارایی تیرۆریسم دابین دەکەن".

لەم پەیوەندییەدا ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەو هەوڵەی هیندۆراسی وەک هەنگاوێکی گرنگ لەڕاستای شەڕ و "دژایەتیی تیرۆر" لە قەڵەم داوە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەو هەوڵەی حکوومەتی هیندۆراسی لەبارەی بە تیرۆریست ناساندنی حزبوڵای لوبنان، بە هاوتای هەوڵ و بڕیاری بەریتانیا و ئەرجەنتین لەقەڵەم داوە و بە گرنگی وەسف کردووە.

لەمبارەشەوە ئەلخاندرۆ جیاماتی، سەرکۆماری نوێی "گواتمالا"ش باسی ئەگەری بە تیرۆریست ناساندنی حزبوڵای لوبنانی کردووە و ڕای گەیاندووە باڵوێزخانەی وڵاتەکەیان لە ئۆرشەلیم دەمێنێتەوە.

وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیا هەینیی پێشوو ڕای گەیاند بەپێی یاسای ئەو وڵاتە لە پەیوەندی لەگەڵ دژایەتیی سەرچاوەی دارایی تیرۆریزم، لەمەودوا گرووپی حزبوڵای لوبنان وەک تیرۆریست دەناسێنێت.

پێشتر ئەمریکا، ئیسرائیل، کەنەدا، ئەرجەنتین و هۆڵەندا و چەند وڵاتێکی کەنداو حزبوڵای لوبنانیان وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناساندووە.

حزبوڵای لوبنان، سەرەتای دەیەی 80ی زایینی لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دامەزراوە و بەپێی زانیاریی میدیا جیهانییەکان ئێران بە سەرچاوەی دارایی و دابینکەری چەکوچۆڵی حزبوڵا دێتە ئەژمار.












باسنيوز
Top