فەرماندەی قودس: ئەمریکا ناپیاوانە سولەیمانی کوشت و ئێمە پیاوانە تۆڵەی دەکەینەوە
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران ئەمڕۆ دووشەممە 20-01-2020 لە مەراسیمی خۆناساندنیدا کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ دەستبەکاربوونی رێکخرابوو، رایگەیاند "ئەوان (ئەمریکا) پیاوی مەیدانی شەڕ نەبوون تاوەکو بتوانن لە گۆڕەپانی شەڕ رووبەڕووی (قاسم سولەیمانی) ببنەوە و لە ئەوپەڕی ناجوامێری ئەو شەهیدە پلە باڵایان شەهیدکرد، هەرچەندە ئەوان ناپیاوانە کوشتیان، بەڵام بە پشتیوانی خودا و هەوڵ و هیمەتی ئازادیخوازانی سەرتاسەری جیهان تۆڵەی خوێنی سولەیمانی بە شێوەیەکی پیاوانە لە دوژمن دەکەینەوە".
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، بەهۆی هێرشێكی ئەمریكاوە لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، لە 03-01-2020 لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژرا.
ئیسماعیل قائانی ساڵی 1958 لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران لە شاری مەشهەد لەدایکبووە و ئێستا تەمەنی 62 ساڵە، ساڵی 1980 چەند مانگێک بەر لە داگیرکردنی رۆژئاوای ئێران لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە، چووەتە ریزەکانی سوپای پاسداران.
ماوەیەکی کەم دوای کۆتاییهاتنی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران، قائانی وەکو جێگری سەرۆکی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران دیاریکرا.
روون نییە کەی ئیسماعیل قائانی چووەتە نێو سوپای قودس، بەپێی ئاژانسی هەواڵیی ئێرنای سەر بە حکومەتی ئێران، قائانی لە ساڵی 1997دا وەکو جێگری سوپای قودس دیاریکراوە کە هەر لەو ساڵەدا بوو قاسم سولەیمانی وەکو فەرماندەی سوپای قودس ناسێنرا.
لە ساڵی 2012 ئیماعیل قائانی لەلایەن ئەمریکاوە سزادرا بەتۆمەتی پاڵپشتیکردنی "گرووپە تیرۆریستییەکان". ساڵی 2017 لە لێدوانێکدا قائانی رایگەیاند، هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژ بە ئێران "زیان بە ئەمریکا دەگەیەنن".
