ئێران هەڕەشەی هاتنەدەرەوە لە پەیمانی NPT دەکات

 ئێران هەڕەشەی هاتنەدەرەوە لە پەیمانی NPT دەکات
وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداریی داوە کە ئەگەر وڵاتانی ئەورووپایی درێژە بەو سیاسەتەیان بدەن و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران ببەنە ئەنجوومەنی ئاسایش، ئێرانیش لە ڕێککەوتنی پێشگیری لە پەرەسەندنی چەکە ئەتۆمییەکان دێتە دەرەوە.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی ئێران (خانەی میللەت)دا گوتی: "ئێران بە وردی سەرقاڵی تاوتوێی بڕیاری ئەمدوایەی سێ وڵاتی ئەورووپیی واژۆکاری ڕێککەوتنی ناوکییە".

ڕێکەوتی 2020.1.4 سێ وڵاتی فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بە فەرمی باسیان لە هەوڵدان بۆ چارەسەکردنی گرفتەکان لە ڕێککەوتنی ناوکی کرد و هۆشدارییان بە ئێران دا کە ئەگەر هەر وا درێژە بە کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی ناو ڕێککەوتنەکە بدات، دۆسیەکەی دەبرێتە کۆمیسیۆنی هاوبەشی چارسەری کێشەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و ئەگەر لەوێش بڕیاری لەسەر بدرێت، هەموو گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەدژی ئێران کارا دەکرێنەوە.

لەمبارەوە وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "ئەوەی کە ئەورووپییەکان باسی دەکەن کە دەستیان بە چالاکی لە کۆمسیۆنی هاوبەش کردووە، ئێران بە شێوەی فەرمی لە بەهاری 2018 و پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەستی پێکردووە".

ئاماژەی بەوەش داوە ئێران پاش کۆتایی دەرفەتێکی حەوت مانگە و چەندین هەنگاو، لەمدوایانەدا پێنجەم و دوایین هەنگاوی کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکی دەست پێکردووە.

محەمەدجەواد زەریف ڕاشی گەیاند: "ئەگەر بێت و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران ببرێتە کۆمسیۆنی هاوبەش و ئەنجومەنی ئاسایش، ئێرانیش لە پەیمانی پێشگیری لە پەرەدانی چەکە ناوکییەکان (NPT) دەکشێتەوە".

پەیمانی پێشگیری لە پەرەدانی چەکە ناوکییەکان (NPT) لە سەردەمی شەڕی سارد و لە جانیڤەری ساڵی 1967 بە شیوەی بەرتەسک لە نێوان چەند وڵاتدا بەستراوە. ئەو پەیمانە جیهانی بەسەر دوو جەمسەری وڵاتانی خاوەن ئەتۆم و وڵاتانی بێ ئەتۆمدا دابەش کردووە و تاکوو ئێستا 188 وڵاتی دنیا ئەو پەیمانەیان واژۆ کردووە و هیند و پاکستان و ئیسرائیل ئەو پەیمانەیان قەبووڵ نەکردووە و کۆریای باکووریش پاش پێشێلکردنی، سەرەنجام لێی هاتووەتە دەرەوە.





باسنيوز
Top