مامۆستایەکی ئایینی لە بەدلیس بە دەستڕێژی گوللـە دەکوژرێت

مامۆستایەکی ئایینی لە بەدلیس بە دەستڕێژی گوللـە دەکوژرێت
دوای ئەوەی لە شاری بەدلیس مامۆستایەکی ئایینی لە ئاکامی هێرشێکی نادیار بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا، وەزیرانی ناوخۆ و دادی تورکیا پەیامی سەرەخۆشییان بڵاوکردەوە.

عەبدولکەریم چەڤیک، مامۆستایەکی ئایینیی شارۆچکەی نۆرشێنە، یەکێکبوو لە شێخەکانی تەریقەتی نەقشبەندی، لە بەدلیسی باکووری کوردستان لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو لە هێرشێکی چەکداریدا کوژرا.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە توویتێکدا نووسیویەتی "زۆر خەمبارین، مەرگی عالمێک مەرگی عالەمێکە. سەرمودەریسی قوتابخانەی شارۆچکەی گورۆیماک (نۆرشێن) مامۆستا عەبدولکەریم چەڤیک گەڕایەوە لای خوا. خوای گەورە رەحمی پێبکات".

هاوکات عەبدولحەمید گول، وەزیری دادی تورکیا لەبارەی کوژرانی مامۆستا ئایینییەکەوە رایگەیاند "عەبدولکەریم چەڤیک کە یەکێکبوو لە زانایانی شارۆچکەی نۆرشێن، تەواوی ژیانی خۆی بۆ فێرکردنی قوتابییەکانی و بڵاوکردنەوەی ئاشتەوایی تەرخانکردبوو. بەوپەڕی خەمەوە هەواڵم پێگەیشت کە لەئاکامی پەلامارێکی قێزەون گیانیلەدەستداوە. خوا مەزاری پڕ نوور و رۆحی شاد و پێگەی بەرز بکات".

عەبدولکەریم چەڤیک لەکاتی خواردنی نانی بەیانی لەگەڵ چەند قوتابییەکی خۆی، دەستڕێژی گوللەی لێکرا و بە سەختی برینداربوو، دوای ئەوەی گەیێندرایە نەخۆشخانە، سەرەڕای هەوڵەکانی پزیشک بۆ چارەسەرکردنی، بەڵام گیانیلەدەستدا.
Top