لووتکەی لیبیا رێککەوتن لەسەر رێزگرتن لە بڕیاری قەدەخەی چەک بۆ ئەو وڵاتە

لووتکەی لیبیا رێککەوتن لەسەر رێزگرتن لە بڕیاری قەدەخەی چەک بۆ ئەو وڵاتە
لووتکەی لیبیا کۆتاییهات و راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، بەشداربووانی لووتکەی لیبیا رێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەخەی چەک، رێزگرتن لە بڕیارەکە و کۆنترۆڵکردنی زیاتر لە جاران.

ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رێککەوتوون پشتیوانی لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا نەکەن و دەبێت چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی لیبیا بدۆزرێتەوە، راشیگەیاند، "نابێت رێگەبدرێت چەک بگاتە لیبیا".

راوێژکاری ئەڵمانیا راشیگەیاند، بەشداربووانی لووتکەکە رێککەوتوون رازیبوون بە دابیننەکردنی هاوکاریی زیاتری سەربازی بۆ لایەنە بەشداربووەکانی جەنگ لەکاتێکدا ئاگربەست بەردەوامە.

ئەنگێلا مێرکل ئاماژەی بەوەش کرد، بەشداربووانی لووتکەی لیبیا بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوەکان بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی پرۆسەکە "بەو شێوەیەش گەلی لیبیا مافی ژیانێکی ئاشتیانە بەدەستدەهێنن".

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، قەیرانی لیبیا بە رێگەی سەربازی چارەسەرناکرێت و گوتیشی "داوا لە لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا دەکەین خۆیان لە ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە بەدووربگرن".

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی، دوای دوو هەفتە کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی بڕیارەکانی لووتکەکە.

ئێستا لە لیبیا ئێستا ئاگربەستێکی کاتی هەیە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوونی ئاگربەستی هەمیشەیی بەپێویست زانی و گوتیشی "ناتوانین چاودێریی شتێک بکەین کە بوونی نەبێت".

هاوکات بەشداربووانی لووتکەی لیبیا رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لووتکەکە.

ئەمڕۆ 19-01-2020 لووتکەی لیبیا بۆ ئاشتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەبارەی قەیرانی لیبیا بە بەشداریی سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی بەشێک لە وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکرد.

لە لووتکەکەدا تاوتوێی راگرتنی پێکدادانەکانی لیبیا کرا بەمەبەستی رێگریکردن لە "بوون بە سووریای دووەم".

بۆ تاوتوێکردنی پرسی لیبیا ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و بەرپرسانی دیکەی وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە.
Top