چاوش‌ئۆغڵو: بانگهێشتكردنی حه‌فته‌ر لەلایەن یۆنان هه‌وڵه‌كانی ئاشتی له‌بارده‌بات
مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا لە هەژماری تایبەتی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی توویته‌ر رایگەیاند، "دووانه‌ی یۆنان و قوبرسی یۆنانی له‌رێگه‌ی بانگه‌شه‌كانیانه‌وه مافی وڵاتانی دراوسێیان له خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی زه‌وتكردووه".
چاوش‌ئۆغڵو ئاماژەی بەوەداوە، یۆنان و قوبرسی یۆنانی له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپاوه هه‌وڵده‌ده‌ن ره‌وایه‌تیی بده‌ن به بانگه‌شه‌كانیان. لە توویتەکەیدا هەروەها نووسیویەتی، "به‌داخه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای دووژمنی دووژمنه‌كه‌م دۆستمه هه‌نگاو ده‌هاوێژن. بانگهێشتكردنی حه‌فته‌ر له‌لایه‌ن یۆنان هه‌وڵه‌كانی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتیی له لیبیا له‌بارده‌بات. ده‌مانه‌وێت ئه‌وه وه‌بیر دۆسته یۆنانییه‌كانمان بهێنینه‌وه كه ئه‌م هه‌وڵه بێهودانه ئه‌نجامیان نابێت".
خەلیفە حەفتەر، کە خۆی وەکو فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا ناساندووە، هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی دەدات. تورکیا پشتیوانی لە لایەنی دژبەری حەفتەر دەکات بە سەرۆکایەتی سەراج و هێزێکیشی بۆ لیبیا ناردووە.
رووداو
