رۆژنامەڤانێک بەهۆی ئاشکراکردنی شوێنی سەرۆکی فەرەنسا دەستگیردەکرێت

رۆژنامەڤانێک بەهۆی ئاشکراکردنی شوێنی سەرۆکی فەرەنسا دەستگیردەکرێت
سەرۆکی فەرەنسا بۆ بەسەربردنی ئێوارەیەک لەگەڵ هاوژینەکەی چوونە هۆڵێکی شانۆ لە پاریس بۆ بینینی شانۆگەرییەک، بەڵام پاش ئەوەی رۆژنامەڤانێک شوێنی سەرۆکی فەرەنسای ئاشکراکرد، دەیان خۆپیشاندەری فەرەنسی چوونە بەردەم هۆڵی شانۆکە و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

تەها بوحەفس، رۆژنامەڤان لە هەژماری خۆی لە توویتەر ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و باسی لەوە کردووە کە لە شانۆگەرییەکە و سێ ریز لەدوای ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە دانیشتووە، هاوکات لە پۆستەکەیدا ناوی هۆڵی شانۆکەیشی نووسیوە بەناوی "بوفێس دو نۆرد" لە پاریس، بەڵام رۆژنامەڤانەکە لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە دەستگیرکرا و برایە بنکەیەکی پۆلیس.

میدیاکانی فەرەنسا لە زاری کەسی نزیک لە سەرۆکی فەرەنسا باسی ئەوەیان کردووە، رۆژنامەڤانەکە بۆیە دەستگیرکراوە، چونکە هانی چالاکوانانی داوە کە بێنە شوێنەکە و شانۆگەرییەکە تێکبدەن.

تەها بوحەفس لە توویتەر پرسی بە فۆڵوۆرسەکانی کردووە کە پێڵاوەکانی بگرێتە ئیمانوێل ماکرۆن، هاوشێوەی رۆژنامەڤانە عێراقییەکە کە لە ساڵی 2008 پێڵاوەکانی گرتە جۆرج دەبلیو بووش، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا؛ نووسیویشیەتی "گاڵتە دەکەم، هێزە ئەمنییەکان ئێستا بەشێوەیەکی نامۆ لێم دەڕوانن".

دوای پۆستەکەی ئەو رۆژنامەڤانە نزیکەی 30 خۆپیشاندەری فەرەنسی چوونە بەردەم هۆڵی شانۆکە و هەوڵیاندا بچنە نێو هۆڵەکەوە و خۆپیشاندانیان دژی پرۆژەی چاکسازیی ماکرۆن بۆ مووچەی خانەنشینی کرد، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە دوورخرانەوە.

یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بەناوی ئارسەر نایت گوتی "کەسێک نامەیەکی بەدەستگەیشت گوایە ماکرۆن لەوێیە، هەربۆیە ئێمە هاتینە ئێرە تاوەکو پێی بڵێین کە خۆپیشاندان دژی پرۆژەی چاکسازییەکەی هەیە". بەشێک لە خۆپیشاندەرانیش درووشمی "ماکرۆن دەستلەکاربکێشەرەوە"یان بەرزکردووەتەوە.

میدیاکانی فەرەنسا دەڵێن، ماوەی چەند خولەکێک سەرۆکی فەرەنسا پارێزراوە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هۆڵی شانۆکە و تاوەکو کۆتایی تەماشای شانۆگەرییەکەی کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی فەرەنسا بڵاوکراونەتەوە، لە 22-11-2019وە سەرۆکی فەرەنسا بەشێوەیەکی ئاشکرا دەرنەکەوتووە.

رۆژی 5-12-2019 خۆپیشاندان لە فەرەنسا دژی ئەو پرۆژەی چاکسازییە دەستیپێکرد کە سەرۆکی فەرەنسا بۆ مووچەی خانەنشینی رایگەیاندووە.
Top