ئەمریکا و ئێران هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ سیستانی دەخوازن
لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەكان دڵخۆشیی خۆیان بەرامبەر سەركەوتنی نەشتەرگەرییەکەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی دەربڕی و جەختیان كردەوە، رۆڵێكی باڵای لە بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکە هەیە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەخۆشكەوتنی سیستانی، سەرۆك بارزانی پەیامێكی ئاراستەی خانەوادەكەی كرد و "هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ خواست".
کاریگەریی سیستانی وایکردووە ئەمریکا و ئێران دوای نەشتەرگەرییەکەی پەیامی بۆ بنێرن، وەزیری دەرەوەی ئێران وێنەیەكی خۆی لەگەڵ سیستانی بڵاوكردووەتەوە و موژدەی سەركەوتنی نەشتەرگەریی سیستانی داوە.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە توویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسیویەتی "سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكەی عەلی سیستانی، موژدەیەكی خۆشە بۆ هەموومان لە ئێران و عێراق، لە خودا دەپاڕێینەوە شیفای بۆ بنێرێت".
پێشتریش باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، هەواڵی سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكەی سیستانیی بە گرنگ ناوبرد و گوتى، سیستانی رۆڵێكی باڵای هەیە لە بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەكە.
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە توویتێکدا بە زمانەکانی عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق خواست، رایشیگەیاند "هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ ئایەتوڵڵا سیستانی دەخوازم، سوپاس بۆ خوا نەشتەرگەرییەکەی بەڕێز سیستانی بە سەرکەوتوویی تەواوبوو".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە توویتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەویش لەگەڵ ملیۆنان عێراقی نزا دەکات بۆ سیستانی کە سەرچاوەی سرووش و هیدایەتە.
عەلی سیستانی، گەورەترین مەرجەعی شیعەکانە لە عێراق، لە 4 -8-1930 لە شاری مەشهەدی ئێران لەدایكبووە، ساڵی 1941 بۆ تەواوكردنی خوێندن چووەتە شاری قوم، ساڵی 1951 هاتووەتە شاری نەجەف لە عێراق.
سیستانی پێشوازیی لە چەندین كەسایەتیی عێراقی و نێودەوڵەتی كردووە، هیچ كاتێك بەشێوەیەكی راستەوخۆ قسەی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن نەكردووە؛ هەمیشە لە رێگەی نوێنەر و کەسە نزیكەكانیەوە بۆچوونەكانی راگەیاندووە.
دوای كۆنترۆڵكردنی پارێزگای نەینەوا و ناوچەیەکی بەرفراوانی عێراق لەلایەن داعش لە 10-6-2014، ئایەتوڵڵا سیستانی لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی لەبارەی پێشهاتەكان دەربڕی و داوای لە سەركردە سیاسییەكانی عێراق كرد، گوتارەکانیان یەكبخەن. هەروەها پشتگیریی خۆشی بۆ هێزە چەكدارەكانی عێراق لە شەڕی دژی داعش راگەیاند و لەسەر فەتوایەکی ئەو، حەشدی شەعبی دامەزرێنرا.
