تورکیا چوار چەکداری داعش دەنێرێتەوە ئەڵمانیا
تورکیا چوار چەکداری دەستگیرکراوی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەنێرێتەوە ئەڵمانیا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئەو چوار کەسە خاوەن رەگەزنامەی ئەڵمانین و لە تورکیا بە تۆمەتی داعشبوون، دەستگیر کرابوون.
هەروەک وەزارەتەکە رایگەیاندووە، چوار چەکدارەکە رۆژی هەینی 17-1-2020 نێردراونەتەوە ئەڵمانیا.
پرۆسەی ناردنەوەی چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لە تورکیا، لە رۆژی 11-11-2019 دەستی پێکردووە و تا ئێستا 179 چەکداری دەستگیرکراوی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، نێردراونەتەوە وڵاتەکانیان.
پێشتر رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، رایگەیاندبوو، چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش دەنێرێتەوە وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش ژمارەیەک چەکداری دەستگیرکراوی ناردەوە.
دوای دروستبوونی داعش، هەزاران هاووڵاتیی توندڕەوی ئەوروپی بە تورکیاوە خۆیان گەیاندە ناوچە داگیرکراوەکان لە عێراق و سووریا لەلایەن داعشەوە و بوونە چەکداری ئەو رێکخراوە تیرۆریستیییە و ژمارەیەکیشیان لە تورکیا دەستگیر کران.
باسنيوز
