رۆیتەرز: هەردوو سەرۆكی دەزگای میتی توركیا و هەواڵگریی سووریا كۆ بوونەتەوە

رۆیتەرز: هەردوو سەرۆكی دەزگای میتی توركیا و هەواڵگریی سووریا كۆ بوونەتەوە
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (رۆیتەرز)، هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) و عەلی مەملووك سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی سووریا بە نهێنی كۆ بوونەتەوە، ئەم كۆبوونەوەیەش بە یەكەم كۆبوونەوەی فەرمیی ئەو دوو وڵاتە دادەنرێت دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی سووریا لە ٢٠١١ەوە تاکوو ئێستا.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی (رۆیتەرز) لە ئاژانسی (ناسا)ی سووریا وەریگرتووە، كە بەرپرسێكی سەربازیی توركیا بەبێ ئەوەی ناوی ئاشكرا بكرێت، ئامانجی ئەو كۆبوونەوەیەی هاكان فیدان و عەلی مەملووكی ئاشكرا كردووە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، فیدان و مەملووك لەبارەی بەرپاكردنی ئاگربەست لە ئیدلب، هەروەها بەیەكەوە كاركردن بۆ لێدان و لەناوبردنی یەپەگە و پەیەدە كۆ بوونەتەوە.

لە هەواڵەكەی (رۆیتەرز)دا هاتووە، كە هەردوو وڵات تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەیان بۆ لێدان بووە لە یەپەگە و قسەیان كردووە كە چۆن بتوانن لە سووریا بە یەكەوە كار بكەن تا یەپەگە و پەیەدە نەهێڵن.

بەڵام مەملووك داوای لە فیدان كردووە، كە پێویستە توركیا سەروەریی خاكی سووریا بپارێزێت و رێز لە خاكەكەی و یەكگرتوویی خاكەكەی بگرێت، هەروەها پێویستە سەربازی توركیا لە خاكی سووریا بچێتە دەرەوە.

پێشتر لە میدیاكانی توركیا و جیهانی باس لەوە دەكرا، كە دەزگای هەواڵگریی سووریا و توركیا پەیوەندییان بەیەكەوە كردووە، بەڵام هیچ كاتێك وەكوو ئەو كۆبوونەوەیە نەبووە كە چەند رۆژێك بەرلە ئێستا لە نێوان فیدان و مەملووكدا ئەنجام دراوە.

(رۆیتەرز) و (ناسا) بە هیچ شێوەیەك باسیان لە كات و شوێنی كۆبوونەوەكەی فیدان و مەملوك نەكردووە، تەنیا پشتڕاستیان كردووەتەوە كە كۆبوونەكە ئەنجام دراوە و رەنگە لە داهاتوودا كۆبوونەوەی تریش ئەنجام بدەن.













باسنيوز


Top