وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ترەمپ مافی نییە زمانی فارسی بەکاربهێنێت

 وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ترەمپ مافی نییە زمانی فارسی بەکاربهێنێت


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، سەرۆکی ئەمریکا مافی نییە زمانی فارسی بەکاربهێنێت.

عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، بە سەرسوڕمانەوە لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەپرسێ ”بەڕاستی لەگەڵ گەلی ئێراندای؟ لە کاتێکدا ماوەیەکی کەمە پاڵەوانێکی ئەو گەلەت کوشت؟“.

عەباس موسەوی مەبەستی لەو ”پاڵەوانە“ قاسم سولەیمانییە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە بەغدا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە کوژرا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ دەستی بە خوێنی ئێرانییەکان سوورە و مافی نییە بە زمانی فارسی بدوێ.

پێشتر و دوای سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا بە زمانی فارسی چەند تویتێکی کرد و تێیدا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی.

ئێوارەی رۆژی شەممە 11-1-2020، هاووڵاتیانی تاران دژی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لەلایەن سوپای پاسدارانی وڵاتەکەیانەوە، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

رۆژی شەممە 11-1-2020، سوپای پاسدارانی ئێران دانی بەوەدا نا، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بە مووشەکێکی سوپا بە هەڵە، تێک شکاوە.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی بە 176 گەشتیارەوە لە ئاسمانی تاران کەوتە خوارەوە و بە هۆیەوە هەموو سەرشینەکانی گیانیان لەدەست دا.

دوای رووداوەکە، رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی لە زاری سەرچاوەکانی بڵاوی کردووەوە، کە ئەگەر هەیە فڕۆکەکە بە هەڵە یەکێک لەو مووشەکانەی بەرکەوتبێ، کە ئێران بەهۆیانەوە دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆردومان کرد.

میدیاکانی ئێران ئەوکات بە توندی رەتیان کردەوە فڕۆکەکە بە مووشەک پێکرابێ و باسیان لەوە دەکرد، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە ئاگری گرتووە و کەوتووەتە خوارەوە.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.








باسنيوز
Top