سەرکردەی لایەنە شەڕکەرەکانی لیبیا لە مۆسکۆ لەسەر ئاگربەست رێک دەکەون

 سەرکردەی لایەنە شەڕکەرەکانی لیبیا لە مۆسکۆ لەسەر ئاگربەست رێک دەکەون


دوو سەرکردەی دوو بەرەی شەڕی ناوخۆیی لیبیا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا تاوتوێی ئاگربەست دەکەن.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 13-1-2020، مشیر خەلیفە حەفتەری فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لیبیا و فایز سەراجی سەرۆکی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا، سەردانی مۆسکۆ بکەن.

خەلیفە حەفتەر و فایز سەراج بە چاودێریی رووسیا رێککەوتنی راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست، واژۆ دەکەن.

لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 12-1-2020، لەسەر داوای رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا و ڤلادیمێر پوتینی سەرکۆماری رووسیا، حەفتەر و سەراج شەڕیان راگرت.

دوای ئەو داواکارییەی ئەو دوو سەرۆکە، سوپای نیشتمانیی لیبیا، کە خەلیفە حەفتەر سەرۆکایەتی دەکا و حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا، ئاگربەستیان راگەیاند.

تورکیا، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات و لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەڕێوە دەبرێت، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە.

وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.






باسنیوز
Top