داوای بەردەوامی ئاگربەستی لیبیا و چارەسەرکردنی قەیرانەکە بە رێگەی سیاسی دەکرێت
وڵاتەکەی باکووری ئەفریقا لە ساڵی 2011وە رووبەڕووی تووندوتیژی و قەیرانی جیدی بووەتەوە، ئەوەش دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە و کوشتنی موعەممەر قەزافی، سەرۆکی ئەوکاتی لیبیا.
لە نیسانی رابردووەوە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانیپێدانراوە و بارەگای سەرەکیی لە تەرابلووسی پایتەختە، لەلایەن هێزەکانی خەلیفە حەفتەر بەناوی سوپای نیشتمانیی لیبیاوە هێرشی دەکرێتەسەر.
رۆژی 6-1-2020 هێزەکانی حەفتەر توانییان شاری سێرتی ستراتیژی کۆنترۆڵ بکەن؛ رۆژی شەممە 11-1-2020، هێزەکانی حەفتەر رایانگەیاند، کاژێر 12:00 ئاگربەست رادەگەیێنن، ئەوەش وەک رێزگرتنێک لە داواکارییەکەی سەرۆکی رووسیا و سەرۆککۆماری تورکیا.
فەیاز سەڕاج، سەرۆکی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی کە رۆژی یەکشەممە 12-1-2020 لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە، رایگەیاند، ئاگربەستەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لە هەنگاوەکە کرد و داوای لە لایەنەکان کرد رێز لە ئاگربەستەکە بگرن و دەست بە دیالۆگێكی نێوخۆیی بکەن بۆئەوەی کێشەکانیان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکەن.
کۆمکاری عەرەبی هانی لایەنەکانی لیبیای دا بۆئەوەی بە وەستاندنی شەڕەوە پابەندبن و کاربکەن بۆئەوەی ئاگربەستەکە بەردەوامبێت.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی هەمان بابەت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و سەرۆکی فەرەنسا قسەیکرد؛ بەپێی راگەیێندراوی کرملن، ئیمانوێل ماکرۆن و جۆزیپی کۆنتێ پشتگیریی وڵاتەکانیان دەربڕیوە بۆ رێکخستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەی لیبیا.
بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەستپێکی هێرشی سەر تەرابلووسەوە 280 هاووڵاتی سڤیل و دوو هەزار چەکدار کوژراون و 146 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
