فەرماندەی سوپای پاسداران: بەرپرسیارێتیی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەگرینە ئەستۆ
بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە 2020.1.11 ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە پرێس کۆنفرانسێکدا بە فەرمی دانای بەوەدا نا کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە لەلایەن سیستەمی بەرگریی سوپاوە خراوەتە خوارەوە و بەرپرسیارێتیی ئەمکارە دەگرینە ئەستۆ.
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کرد: "لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی هەم هێزەکانی ئەمریکا و هەم هێزەکانی ئێمە بەتەواوەتی ئامادە و لە حاڵەتی شەڕدا بوون، بۆیە ئەمریکییەکان هەڕەشەیان کردبوو کە 52 خاڵی ئێران دەکەنە ئامانج، هەر بۆیە هەموو بنکە و دامەزراوەکانی سیستەمی بەرگری لە ئامادەباشیی سەداسەدا بوون و هاوکات سیستەمی بەرگریی تارانیش زانیارییان پێدەگات کە مووشەکی کرۆز بەرەو تاران هاوێژراوە، بۆیە پەرچەکرداریان هەبووە و بەهەڵە ئەو فڕۆکەیە کرایە ئامانج".
ئاماژەی بەوەش کرد: لە چەند ڕۆۆژەدا دۆخی هێڵی ئاسمانیی ئێران نۆرماڵ نەبوو و وڵات لە حاڵەت و دۆخی شەڕدا بووە، بۆیە زانیارییەکان بە هەڵە دراون و پێیان وا بووە ئەو فڕۆکە ئۆکرانییە، مووشەکی کرۆز بووە و لە ئەنجامدا ئەو ڕووداوەی لێ کەوتەوە".
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی بە 176 گەشتیارەوە لە ئاسمانی تاران کەوتە خوارەوە و بە هۆیەوە هەموو سەرنشینەکانی گیانیان لەدەست دا.
پێش ئەوەی ئەمڕۆ ئەرکانی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئیران بە فەرمی دان بەوەدا بنێت، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بە هەڵە لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە خراوەتە خوارەوە، ئێران بە فەرمی لە میدیاکانی خۆیەوە ڕای گەیاند کە هۆکاری کەوتەنخوارەوەی فڕکەکە کێشەی تەکنیکی بووە.
بەڵام وڵاتانی کەنەدا، ئۆسترالیا، فەڕەنسا و ئۆکرانیا داوای لێژنەی لێکۆڵینەوەیان کرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئێران ڕاستییەکە ئاشکرا بکات.
باسنيوز
