سەرۆکی ئۆکرانیا داوای قەرەبوو لە ئێران دەکات
ئەمڕۆ شەممە 11-1-2020، سوپای پاسدارانی ئێران دانی بەوەدا نا، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بە مووشەکێکی سوپا بە هەڵە، تێک شکاوە.
دوای داننانی سوپای پاسداران بە خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە، ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی چاوەڕێی داوای لێبوردنی فەرمیی لە بەرپرسانی ئێران دەکات.
ڤلادیمێر زیلینسکی داوای کردووە ئێران قەرەبووی قوربانییانی ناو فڕۆکە تێکشکاوەکە، بکاتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی بە 176 گەشتیارەوە لە ئاسمانی تاران کەوتە خوارەوە و بە هۆیەوە هەموو سەرشینەکانی گیانیان لەدەست دا.
دوای رووداوەکە، رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی لە زاری سەرچاوەکانی بڵاوی کردووەوە، کە ئەگەر هەیە فڕۆکەکە بە هەڵە یەکێک لەو مووشەکانەی بەرکەوتبێ، کە ئێران بەهۆیانەوە دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆردومان کرد.
میدیاکانی ئێران رەتی دەکەنەوە فڕۆکەکە بە مووشەک پێکرابێ و باس لەوە دەکەن، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە ئاگری گرتووە و کەوتووەتە خوارەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
