دۆناڵد ترەمپ: سەربازەکانمان لە سووریا نەوتەکە دەپارێزن

 دۆناڵد ترەمپ: سەربازەکانمان لە سووریا نەوتەکە دەپارێزن
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە نای، سەرکەوتوو بوو.

دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی وڵاتەکەی گوتی، دەبووایە سوپای ئەمریکا ناوچە سنوورییەکانی نێوان ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و سوپای تورکیای بەجێهێشتایە و بۆ پاراستنی بیرەنەوتەکان بچووایەتە شوێنەکانی دیکە.

لە سەرەتای تشرینی یەکەمی رابردوودا حکومەتی ئەمریکا بڕیاریدا سوپای وڵاتەکەی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان بکشێنێتەوە.

پێشتر لە رۆژی پێنجشەممە 05-12-2019دا مارک ئێسپەر، وەزیری بەگریی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکیدا رایگەیاند، لەدوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی کشانەوەی سەربازەکانیان لە سووریا، تەنیا 600 سەربازیان لە ناوچەکەدا ماوە و ئەوانیش بۆ پارێزگاریکردن لە ناوچە نەوتییەکان ماوەنەتەوە تاوەکو جارێکی دیکە داعش دەستی بەو ناوچانە نەگاتەوە.

هەر دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان، ژمارەیەک لە دانیشتووانی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان دژی کشاندنەوەی سوپای ئەمریکا رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان سازکرد.

لە رۆژی نۆی تشرینی یەکەمیشدا سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد کە نارەزایی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە و خەڵکێکی زۆر کوژران و برینداربوون و بە هەزارانی دیکەیش ئاوارەبوون.



رووداو
Top