سوڵتانی نوێی شانشینی عومان دیاریکرا
هەیسەم بن تاریق ئەلسەعید بەجێگرەوە قابوس بن سەعید سوڵتانی کۆچکردوی عومان دیاریکراوە
رۆژنامەی وەتەنی عومانی بڵاویکردەوە، هەیسەم بن تاریق ئەلسەعید بەجێگرەوە قابوس بن سەعید سوڵتانی کۆچکردوی عومان دیاریکراوە و بەیانی ئەمڕۆش وەک سوڵتانی نوێی شانشینەکە لەبەردەم ئەنجومەنی یاسادانی شانشینەکە سوێندی یاسایی خواردوە.
دیوانی سوڵتانی عومان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە بۆ هاوڵاتیانی خۆشەویستی عومان و گەلانی عەرەبی و ئیسلامی کۆچی دوایی سوڵتان بن سەعید بن تەمور سوڵتانی عومان لە رۆژی هەینی 10ی کانونی دوەمی 2020 رادەگەیەنین کە ماوەی نزیکەی 50 ساڵ و لە ساڵی 1970دا حکومڕانی وڵاتی گرتوەتە دەست".
سوڵتان قابوس لە رێگەی حکومڕانییەکی داناییەوە توانی خۆشگوزەرانی بۆ سەرانسەری عومان دابین بکات
ئاماژەی بەوەشکراوە، "سوڵتان قابوس لە رێگەی حکومڕانییەکی داناییەوە توانی خۆشگوزەرانی بۆ سەرانسەری عومان دابین بکات و زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش سودیان لەو شێوازەی وەردەگرت، کە بریتی بو لە سیاسەتی هاوسەنگی لە هەمو جیهاندا کە ئەوەش جێگەی رێزلێگرتنی هەمو لایەک بێت".
سوڵتان قابوس لە بیستەکانی تەمنیدا لە ئەکادیمیای ساندهرستی بریتانی خوێندویەتی و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکەی، دوای ئەوەش بۆ ماوەیەکی کورت هاوسەرگیری کردوە و هیچ منداڵێکی نیە.
خەندان
