سەرۆکوەزیرانی کەنەدا: زانیاریی هەواڵگریمان هەیە کە فڕۆکەکە بە مووشەکی ئێرانی خراوەتە خوارەوە

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا: زانیاریی هەواڵگریمان هەیە کە فڕۆکەکە بە مووشەکی ئێرانی خراوەتە خوارەوە
جەستن ترودوو، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئەمڕپۆ رایگەیاند، زانیاریی هەواڵگرییان لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە پێگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەدات فڕۆکە ئۆکراینییەکەی فڕۆکەخانەی تاران بە مووشەکێکی زەوی بە ئاسمانی ئێرانی خراوەتە خوارەوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە بە گومانی ئەو کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە لە ئێران بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە نەبووە و باوەڕی وایە، "دەکرێت کەسێک لای ئەوانەوە هەڵەیەکی کردبێت."

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "هەندێک کەس دەڵێن رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە تەکنیکییە، بەڵام من پێموانییە ئەوە تەنانەت پرسیاریش بێت ئەوەی روونە ئەوەیە شتێکی زۆر خراپ روویدا."

دوێنێ بەرپرسانی ئێرانی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان بۆ کێشەی تەکنیکی گەڕاندەوە، بەڵام محەممەد ئیسلامی، وەزیری رێگەوبان گوتوویەتی کە دەبێت بەوردی لێکۆڵینەوە لە کەوتنە خوارەوەکە بکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی رێگەوبان و گواستنەوەی ئێران رایگەیاند، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لە تاران فڕیووە و دوای ئەوەی ئاگر لە یەکێک لە بزوێنەرەکانی بەربووە، فڕۆکەوانەکە کۆنتڕۆڵی فڕۆکەکەی لەدەستداوە.

ترەمپ باسی لەوە کرد، هەرچۆنێک بێت چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین و رۆژێک دێت کە دەبێت سندووقی رەشی فڕۆکەکە رادەستبکەن و باشتر وایە کە سندووقە رەشەکە بدەن بە کۆمپانیای بۆینگ. گوتیشی، بەلایەوە ئاساییە ئەگەر ئەو سندووقە رەشە بۆ لێکۆڵینەوە بە وڵاتی دیکە یان فەرەنسا بدرێت.

گوتەکانی ترەمپ لەکاتێکدان، راگەیاندنەکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، فڕۆکەکە لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە خراوەتەخوارەوە.

ئەمڕۆ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاوی کردەوە کە بەرپرسانی ئەمریکا باوەڕیان وایە ئێران بە هەڵە فڕۆکە ئۆکراینییەکەی خستبێتە خوارەوە. ئەو بەرپرسانە پشتیان بە لێکۆڵینەوەی زانیارییەکانی مانگی دستکرد، رادار و زانیاریی ئەلیکترۆنی بەستووە کە لەلایەن سوپای ئەمریکا و دەزگا سیخوڕییەکانەوە کۆکراونەتەوە.

بەپێی راگەیاندنەکانی ئەمریکا، بەرپرسانی ئەوروپی گوتوویانە کە ئەگەرێکی زۆر هەیە فڕۆکەکە بە هەڵە بە مووشەکی ئێرانی خرابێتە خوارەوە.

عەلی عابیدزادە، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران رەتیکردووەتەوە کە فڕۆکەکە خرابێتە خوارەوە و گوتووشیەتی، فڕۆکەوانەکە پاش فڕین ویستوویەتی بگەڕێتەوە بۆ فڕۆکەخانە. ئەو بەرپرسە پرسیاری ئەوە دەکات، "ئەگەر مووشەکێک ئاراستەی فڕۆکەکە کرابێت، چۆن فڕۆکەوانەکە دەتوانێت فڕۆکەکە بۆ فڕۆکەخانەکە بگەڕێنێتەوە؟"

عابیدزادە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ بەرپرسانی ئۆکراینی گەیشتوونەتە ئێران بۆ لێکۆڵینەوە لە سندووقی رەشی فڕۆکەکە، بەتایبەت کە سندووقەکە زیانی پێگەیشتووە.

عابیدزادە بە سی ئین ئێنی گوتووە، ئەگەر هاتوو لێکۆڵەرانی ئێرانی و ئۆکراینی نەیانتوانی زانیارییەکانی نێو سندووقەکە بخوێننەوە، ئەوا ئەو کات داوای هاوکاری لە فەرەنسا یان کەنەدا دەکەن.

ئۆلێکسی دانیلۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکراینا بە راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتەی گوتووە، چەند ئەگەرێک وەک هۆکاری کەوتنەخوارەوەکە لەبەرچاو دەگرن، لەنێویاندا هۆکاری کردنە ئامانج لەڕێگەی مووشەکەوە.

ئەو بەرپرسە گوتوویەتی، دەکرێت ئەو مووشەکە لە جۆری سیستمی مووشەکیی تۆر بێت، بەتایبەت کە دەگوترێت وێنەیەکی ئەو شوێنە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە و دەکرێت ئاماژە بە پاشماوەی وەها مووشەکێک بکات.

سیستەمی مووشەکیی تۆر سیستەمێکی رووسییە و رووسیا لە ساڵی 2005دا 29 مووشەکی تۆر M1ـی وەک بەشێك لە گرێبەستێکی 700 ملیۆن دۆلاری بە ئێران فرۆشتووە.

هاوکات 63 هاووڵاتیی کەنەدی لە فڕۆکەکەدا بوون و بڕیارە ئەمشەو جۆستن تروودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەوە قسە بۆ ڕاگەیاندنەکان بکات.

رۆژی چوارشەممە 08-01-2020، فڕۆکەیەکی هێڵی تاران - کیێڤ شەش خولەک دوای هەستان لە فڕۆکەخانەی تاران، لە نزیک شاری شەهریار لە پارێزگای تاران کەوتەخوارەوە. تەواوی 176 سەرنشینی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا کە 10ـیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و 63 کەسیشیان کەنەدی بوون.
Top