دۆناڵد ترەمپ: رەنگە فڕۆکەکەی تاران بە هەڵە خرابێتە خوارەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە بە گومانی ئەو کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە لە ئێران بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە نەبووە و باوەڕی وایە، "دەکرێت کەسێک لای ئەوانە هەڵەیەکی کردبێت."
دوێنێ بەرپرسانی ئێرانی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان بۆ کێشەی تەکنیکی گەڕاندەوە، بەڵام محەممەد ئیسلامی، وەزیری رێگەوبان گوتوویەتی کە دەبێت بەوردی لێکۆڵینەوە لە کەوتنە خوارەوەکە بکرێت.
ترەمپ باسی لەوە کرد، هەرچۆنێک بێت چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین و رۆژێک دێت کە دەبێت سندووقی رەشی فڕۆکەکە رادەستبکەن و باشتر وایە کە سندووقە رەشەکە بدەن بە کۆمپانیای بۆینگ. گوتیشی، بەلایەوە ئاساییە ئەگەر ئەو سندووقە رەشە بۆ لێکۆڵینەوە بە وڵاتی دیکە یان فەرەنسا بدرێت.
ئەمڕۆ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاوی کردەوە کە بەرپرسانی ئەمریکا باوەڕیان وایە ئێران بە هەڵە فڕۆکە ئۆکراینییەکەی خستبێتە خوارەوە. ئەو بەرپرسانە پشتیان بە لێکۆڵینەوەی زانیارییەکانی مانگی دستکرد، رادار و زانیاریی ئەلیکترۆنی بەستووە کە لەلایەن سوپای ئەمریکا و دەزگا سیخوڕییەکانەوە کۆکراونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 08-01-2020، فڕۆکەیەکی هێڵی تاران - کیێڤ شەش خولەک دوای هەستان لە فڕۆکەخانەی تاران، لە نزیک شاری شەهریار لە پارێزگای تاران کەوتەخوارەوە. 176 کەسی سەرنشینی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا کە 12ـیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
